وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی گەنجی سەرکەوتوو وڵاتی چین دەرگای پێشکەشکردنی بۆ زەمالەی خوێندنی ماستەر بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی ئاگاداری مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە وڵاتی چین لە چوارچێوەی بەرنامەی “گەنجی سەرکەوتوو” (Youth of Excellence scheme of China Program) زەمالەی خوێندنى ماستەری تەرخان کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دواکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری 24/2/2026 دەبێت و پرۆسەکە بە شێوەی ئۆنلاین و لە ڕێگەی ناردنی ئیمێڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
مەرجە سەرەکییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
1. پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
2. ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، دەبێت لانی کەم 2 ساڵ خزمەتی هەبێت دوای بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
3. کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە 65 کەمتر نەبێت.
4. خوێندنەکە دەبێت لە هەمان پسپۆڕیی بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەی بێت (هەمان بوار).
5. کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، مۆڵەتی خوێندنی بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان پێ دەدرێت.
مەرجەکانی وڵاتی چین:
1. تەمەنی پێشکەشکار لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت.
2. خاوەنی لانی کەم 3 ساڵ ئەزموونی کارکردن بێت و بە نووسراو پشتڕاست کرابێتەوە.
3. بڕوانامەکانی (دەرچوون و نمرە) لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە (خوێندنی باڵا، داد، پەیوەندییەکانی دەرەوە) پەسەند کرابن.
4. بڕوانامەی پشکنینی پزیشکی و نەبوونی پێشینەی تاوان (ئەستۆپاکی) هەبێت.
5. توانستی زمانی ئینگلیزی (تۆفڵ یان ئایەڵتس) بەپێی داواکاریی زانکۆکان.
6. پاسپۆرتەکەی 6 مانگ زیاتر بەسەرچوونی مابێت.
چۆنیەتیی پێشکەشکردن:
پێشکەشکردن سەرەتا لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی زەمالەی چین (Campus China) دەبێت، دواتر دەبێت تا بەرواری 24/2/2026 تەواوی بەڵگەنامەکان و زانیارییەکان بۆ ئیمێڵی (maqsood.mohammed@mhe-krg.org) بنێردرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر و وردەکارییەکان، ئارەزوومەندان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن یان پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (009647511378422)ـەوە بکەن.

