رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى خانەنشین بوونی، ڕێزلێنانى بەخشى بە جێگری پارێزگار

ئەمرۆ چوارشەممە 2025.12.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى د.عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی بەشەكانی نێو دیوانی پارێزگا، لە ڕێورەسمێكی تایبەتدا لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی لە ماوەى ساڵانى ڕابردووى تەمەنیدا پێشکەشی کردووە و بە بۆنەى خانەنشین بوونی لە پۆستی جێگری پارێزگاری هەولێر ڕێزلێنانى پارێزگاى بەخشى بە ( مەسعود كاڕەش ).

پارێزگارى هەولێر، لە وتەیەكدا، وێڕاى پیرۆزبایی، ئەرک و ڕۆل و ماندووبوون و ئەزموونی بەڕێزیان لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان و پارێزگا بەرز نرخاند، بەتایبەتی ڕۆڵیان لە كاروباری هونەری پارێزگا و سەرپەرشتیكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دەستخۆشی لێكرد كە ئەو ماوەیەی لە پۆستی جێگری پارێزگار بووە دڵسۆزانە شوێن پەنجەی دیار بووە و كارەكانی هاوڵاتییانی ڕاییكردووە، ڕاشیگەیاند، شاهێدی دەستپاكی و كارەباشەكانتین و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیى و تەندروست باشیت بۆ دەخوازین.

گوتیشی، ڕاستە بەڕێزتان بە فەرمی لە پارێزگا ئەركەكانتان بەكۆتا هاتووە و خانەنشین بوون، بەڵام پارێزگا هەمیشە ماڵى تۆ بووە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە و لەوە بەدوا لەبەر لێهاتووی و كارامەی و ئەزموونی كارتان بۆ كاروبارەكانمان پێویستمان بە ڕاوێژی بەڕیزتان دەبێت .

لە کۆتایشدا لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە، ڕێزلێنان و خەڵاتى تایبەتی پارێزگای هەولێر، پێشکەش بە بەڕێز ( مەسعود كاڕەش ) کرا.