رۆژنامەی ھەولێر

ڕاسپاردەکانی سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامــــــــــــان

لە ڕۆژانی ١٧–١٨/12/٢٠٢۵، لە هۆڵی هۆتێلی نێودەوڵەتیی هەولێر (EIH) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامان بە ناونیشانی “ناسنامەی کوردی لە سەردەمی دیجیتاڵدا” بەڕێوەچوو.

فیستیڤاڵی ڕامان، کە سێ ساڵە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، درێژە و هاوتەریبی گۆڤاری ڕامانە کە نزیکەی سی ساڵە دەردەچێت. لە فیستیڤاڵەکەدا وێڕای پێشکەشکردنی چەندان وتار و توێژینەوە و بەڕێوەچوونی چەندین چالاکی لە ڕێوڕەسمی کردنەوە و کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا و خوێندنەوەی شیعر بە چوار زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی و تورکی، پێنج پانێڵی پسپۆڕانەش بەم ناوونیشانانەی خوارەوە بەڕێوەچوون، کە تێیاندا شارەزایان، پسپۆڕان و خاوەن ڕایانی بوارە پێوندیدارەکان بە مژاری فیستیڤاڵەکەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون و لە مشتومڕ و قسەوباسی کراوە لە کۆتایی پانێڵەکاندا تیشک خرایە سەر چەندان خاڵ و بابەتی گرنگ و پێویست سەبارەت بە ناسنامەی کوردی لە سەردەمی دیجیتاڵدا:

١.ناسنامەی کوردی و ئایین – مێژوو – پێکەوەژیان

٢. ناسنامەی کوردی و جوگرافیا – زمان – ئەدەبیات
٣. هونەر و ناسنامە
٤. ناسنامەی کوردی و سەردەمی دیجیتاڵ
۵. ناسنامە و گەنج – شوێنەوار – جوگرافیا

ڕاسپاردەکانی فیستیڤاڵ، کە پوختە و دەرئەنجامی باسوخواسە پێشکەشکراوەکانن، لە ڕێوڕەسمی دەستپێک و پانێڵەکان و کۆتایی فیستیڤاڵ بریتین لەم تەوەرانەی خوارەوە:
١. چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە گوتار و تەکنیکی دیجیتاڵی هاوسەردەم بۆ نەهێشتنی لێکەوتەکانی قۆناغی پێشوو و دەرفەت ڕەخساندن بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی کوردی و زمانی کوردی و دروستکردنی پێگەیەکی بەهێز بۆ گونجان لەگەڵ سەردەمەکەدا، بۆ ئەمەش بەشداربوونی حکومەت و دامودزگا جۆربەجۆرەکان لەو هەنگاوەدا بە پێویست دەزانرێت.
٢. لێکۆڵینەوەی یادەوەریی دیجیتاڵیی کوردی بە ئاراستەی شیکردنەوەی بنیادی کارلێکردنی گوتاری دیجیتاڵی بچێت، ئەمەش وا دەخوازێت نووسەران و توێژەران، ئەگەر دەیانەوێت باشتر لە پێوەندیی نێوان بنیادی تەکنۆلۆژیا و نواندنی کولتووری بگەن، ئامرازی نوێ لە لێکۆڵینەوەدا بەکاربهێنن، هەر لە لێکدانەوەی نیشانەناسانەوە بگرە، تا تیۆری ڕەخنەیی دیجیتاڵ. یادەوەری دیجیتاڵیی کوردی، ئاسۆی نوێ بۆ ”لێکۆڵینەوەی یادەوەریی سنووربەزێن” دەکاتەوە. ئەگەر سیستمی ئەکادیمیی ئێمە دەخوازێت لە بواری لێکۆڵینەوەی یادەوەریی دیجیتالیزەکراوی کوردیدا داهاتوویەکی گەشی هەبێت، پێویستی بەوەیە مۆدێلێکی نوێی مەعریفی دابڕێژێت.
٣. گرنگە خاوەن ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی ڕەخنەیی بین، تێیدا تایبەتمەندیی خۆجێیی لەبەرچاو گیرابێت و بابەتە کوردییەکان لە فەوتان، سڕانەوە و دەستکاری بپارێزرێن، هەروەهاش هەوڵدان بۆ بەدیجیتاڵکردنی ئەو بەرهەمانەی هەڵگری ڕوانگەی مرۆڤایەتی و خۆشەویستین و دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی لە دنیای ئینتەرنێتدا ڕق و کینە و دەمارگرژی دەورووژێنن.
٤. ئەم گۆڕانە پێویستی بەوەیە بە جۆرێکی تر بیر لە کۆمەڵێ چەمکی وەک جڤاکی خەیاڵکراو و ناسنامەی دانپێدانراو، لە چوارچێوەی دیجیتاڵی گۆڕاوەوە بکەینەوە، کە تەنانەت پێناسەی هەبوونی دەستەجەمعیش دەکاتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، کارکردن لەسەر یەکتر تەواوکردنی ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی ناسنامەی کەسێتیی کوردستانی، لە سیاسەتی کولتووری، گوتاری ئایینی، پەروەردەی نیشتیمانی و گوتاری میدیایی.
٥. گرنگیدانی زیاتر بە نواندنەوەی پرسی ناسنامەی کوردی لە هەموو ژانرە ئەدەبی و هونەرییەکاندا و لە هەموو شێوەزارە کوردییەکاندا لە پێناوی ناساندن و بەهەرێمی کردن، پاشان بەجیهانی کردنی ئەدەب و هونەر و هزری کوردی.
٦. بەکارهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی لە پلان و پرۆگرامی دیجیتاڵی و دروستکردنی ئەرشیڤی ئەلکترۆنی بواری هزر و فیکر و مەعریفە، بێجگە لەمانەش، بەئەرشیڤکردنی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی بە شێوەیەکی دیجیتاڵ. پەڕینەوە بۆ ئەو بابەتانەی ئەمڕۆکە پەیوەستن بە مەعریفەی دیجیتاڵەوە و بەئەلکترۆنیکردنی دەقەکانی گوتاری ئەدەبی و فەلسەفی کە وێنای ڕوویەکی گەش بۆ بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی لە کوردستاندا دەکەن و مۆرکێکی تازەگەری پێدەبەخشن.
٧. هەر گەلێک بیەوێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت، دەبێت یەکەم هەنگاوی پاراستنی زمان و وێژەی نەتەوەیی بێت، بۆیەش پێویستە زمانی کوردی زیاتر لە هەر قۆناغێکی تر ئامادە بێت لە دنیای دیجیتاڵدا و دەقەکان وەکوو فایلی ئەلکترۆنی بەردەست بن. زیاتر هاندانی هەمووان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەرۆک و فۆرمی دیجیتاڵدا و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە پێگەی کیانێکی هەردەم بزۆز و بەردەوام و پێشکەوتوودا. سەردەمی دیجیتاڵی نە دژی ناسنامەی کوردییە و نە ڕزگارکەریەتی، ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی ئێمە چۆن بەکاری دەهێنین، کەواتە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئەلکترۆنیی نیشتمانی بە شێوەیەکی پتەو و گشتگیر و پۆلێنکراو بۆ بووژاندنەوەی سامانی دەوڵەمەندی زمان، وێژە، فۆلکلۆر و چاندی کوردی و کوردستانی.
٨. لە سەردەمی نوێدا سنووری شوناسەکان لاواز بوونە، دانەران و توێژەرانی کوردستان ئێستا بە زۆرینە بە چەند زمان دەنووسن. ئەم چەندزمانییە گەرچی بەستێنی خەباتی ئەدەبی بەرفراوانتر دەکاتەوە، بەڵام هاوکات پرسی شوناسی کوردیش ئاڵۆزتر دەکات. پێویستە ئەدەبی داهێنەرانە و نڤیساری توێژەرانەی کوردی سوود لەم دژوازییە وەربگرێت و لە سۆنگەی بەکارهێنانی زمانەکانی ترەوە بیانکات بە ئامرازێک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و هاوکات بە شێوەی ئەلکترۆنیش ئەرشیڤیان بکات. کەشی مەجازی لە هەناوی خۆیدا هەڵگری تایبەتمەندیی دیموکراتیکە، کەواتە دانەرانی کورد بە هەموو بەشەکانەوە، وەک شاعیران، نووسەران، شانۆنامەنووسان، هزرڤانان، هونەرمەندان، شێوەکاران، دەرهێنەران، تەنانەت سترانبێژان و ئاوازدانەران و ژەنیارانیش دەتوانن کەڵکی تەواو لەم خەسڵەتەی دنیای ئینتەرنێت و گوتاری ئەلکترۆنی وەربگرن بە مەبەستی زیاتر هەمەڕەنگکردنی ناسنامەی کوردی
٩. بە مەمەبەستی پاراستن و گەشەپێدانی ناسنامەی کوردی و کوردستانی، کە چەندین بەش و ژێربەشی جیاواز دەگریتەوە، پێویستە هەوڵی جیددی بدرێت بۆ ناساندنیان بە دنیای دەرەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانە زیندووەکانی دنیاوە.
١٠. بایەخدان بە توانایی گەنجان کە شارەزای بواری تەکنۆلۆژیای زانیارین و نزیککردنەوەیان لە ناوەندە ئەدەبی و کولتوورییەکان و بەشداریپێکردنیان لە چالاکییە چاندییەکان بە مەبەستی گەشەپێدانی زیاتری زمان، وێژە، هزر، مەعریفە و چاند لە کوردستاندا بە هۆی نواندنەوەیان لە دنیای دیجیتاڵدا و لە ڕواڵەتە جیاجیا ئەلکترۆنییەکاندا

لێژنەی ڕاسپاردەی سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامان
١. هەڵکەوت عەبدوڵڵا
٢. ڕێکار مەلا حەسەن
٣. کەریم دەشتی
٤. فەرەیدوون حەکیم زادە
٥. حسێن لەتیف
٦. د. نەفیسە ئیسماعیل حاجی
٧. د. بەختیار سەجادی.