رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کرد

دوێنێ، شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کرد .

شاندەکەی پارتی، پێکهاتوون لە، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
لە یەکەمین وێستگەی کۆبوونەوەکانیشدا، سەردانی کۆشکی “سەلام”ـیان لە بەغدا کرد و لە لایەن لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراقەوە پێشوازییان لێ کرا و دواتریش بە جیا لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبوونەوە هەروەها سەردانی ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان کرد و بڕیاریشە لەگەڵ سەرجەم لایەنە براوەکانی دیکەی هەڵبژاردن گفتوگۆ بکەن.