رۆژنامەی ھەولێر

داوا كرا هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 فراوانتر بكرێت

لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا لەنێوان وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسێكی سەربازی كونسوڵخانەی ئەمریكا، داوا كرا هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 فراوانتر بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک بەرپرسی گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەكەدا هەردوولا دەربارەی بەرنامەی کاری پێکەوەیی نێوانیان بۆ ساڵی 2026 گفتوگۆیان کرد، هەروەها دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند “هیوادارین لە ساڵی نوێدا هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان فراوانتر بکرێت”.

لای خۆشییەوە کۆڵۆنێل پایلویک بەڵێنی پشتیوانی و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.