رۆژنامەی ھەولێر

ڕێزلێنان بەخشرایە زانای دیاری کورد رەشاد میران

ئەمرۆ سێشەممە 2025.12.23، بەئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحەمەد كانی، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی و د.ئەمیر چالی، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەكی تر لە ڕاگر و مامۆستایانی زانكۆ، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاح الدین، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە رێزلێنان پێشكش بە زانای دیاری كورد ” دکتۆر رەشاد میران ” كرا.

لە ڕێورسمەكەدا، وێڕای پیرۆزبایی، دەستکەوتەکەی بە گەورە و شانازی بۆ هەموو کوردستانیان وەسفکرا و باس لەوە کرا ئەم دەستکەوتانە نموونەیەکی راستەقینەن لە هەوڵی زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام کە ناسنامە، مێژوو و کولتووری کوردی زیاتر دەناسێنێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

جێگەی باسە، خەڵاتی (پووشکین) یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتە فەرمییەکانی رووسیا کە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە پێشکەشی کەسانی لێهاتوو دەکرێت کە بەشداری بەرچاو و کاریگەریان هەبێت لە بواری کولتوور، زانست، هونەر و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی. دکتۆر رەشاد میران، کۆمەڵناس و زانایەکی لێهاتووی بواری مرۆڤناسی کوردە کە لە 1952 لە شەقڵاوە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و ماستەر و دکتۆرای لە پسپۆڕی ئێتنۆگرافیا لە لێنینگراد (رووسیا)ی وەرگرتووە. لە ماوەی 28 ساڵدا (1993-2021) مامۆستا بووە لە بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین و زیاتر لە 30 کتێب، توێژینەوەی زانستی و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە.