فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، بە بۆنەی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵی نوێوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە پشووی فەرمی لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و دابەشکردنی مووچەش لە ڕۆژانی پشوودا بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی پێنجشەممە 25/12/2025، تا ڕۆژی شەممە 3/1/2026، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ڕۆژی یەکشەممە 4/1/2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
سەبارەت بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ڕاگەیاندراوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە دەوام تێیاندا بە شێوەی ئێشکگری دەبێت بۆ ڕاییکردنی کارە پێویستەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لە کاتی هاتنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێم، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی پشوودا بەردەوام دەبێت و ناوەستێت”.

