ڕائیب جادر – هەولێر
چەند کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبن، بەجێبەجێ کردنی دەستوور ئەو کێشانە چارە دەبن، بەگوتەی مامۆستایانی زانکۆ، ھەرێمی کوردستان ھەردەم دەستپێشخەر بووە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بەڵام ئەوە بەغدایە پابەند نابێت بە دەستوورەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٥ ماددە کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێل کراون. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: ھەر لایەنێکی عێراقی ڕێزی لە دروشمی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان گرت دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوە دەبێت.
حکوومەتەکانی ڕابردووی عێراق لە کارنامەکانیاندا چەندین خاڵی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانیان جێکردووتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان جێبەجێ نەکراون. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبتەدا، لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست “مێپس ٢٥” لە زانکۆی ئەمەریکی دھۆک، ڕایگەیاند، مەرجی ئێمە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتووی عێراق، ئەجێندای حکوومەتەکەیە بزانین چۆن دەبێت، مەرجی ئێمە جێبەجێکردنی دەستوور و بەڵێنەکانە، ھەر لایەنێک بیەوێت ھاوپەیمانیمان لەگەڵ ببەستێت و بیەوێت بەشداریی حکوومەت بکەین، پێویستە دەستوور جێبەجێ بکات.
١٨ ساڵە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئامادەکراوە، بەڵام بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە تاوەکو ئێستا یاساکە دەرنەکراوە و کورد بۆ تێپەڕاندنی یاساکە چاوی لە خولی نوێیە. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەرچووانی یاسای نەوت و گاز و ھاوبەشی ڕاستەقینە لە عێراقدا لەو سێ بابەتە سەرەکییەن کورد داوای جێبەجێکردنیان دەکات.
لە دەوڵەتانی فیدراڵیدا بۆ پرسی دابەشکردنی سامان و دارایی، پشت بە دەستوور، یاسا، ڕێسا و پێوەری ھاوبەش دەبەسترێت، لە عێراقدا ٢٠ ساڵە داڕشتنی بنەما یاسایی و دامەزراوەکانی فیدراڵیەتی دارایی و بواری دابەشکردنی سامان، داھات و دەسەڵات فەرامۆش دەکرێن، لە کاتی کێشە و گرفتەکاندا پەنا دەبرێنەوە بەر ڕێککەوتنی کورتمەودا، لەوێشەوە پەیوەندیە داراییەکان دەخرێنە ژێر ڕەحمەتی ھەڵوێست و میزاجی سیاسیی دەسەڵاتدارانەوە.
ھەرچی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراون، بەھۆی سیاسی و دۆزینەوەی بیانووی نایاسایی و نا دەستووریی جێبەجێ نەکراون و تەمەنیان درێژ نەبووە، لەبەر ئەوەی گرەنتی جێبەجێکردنیان نەبووە، ئیدی بەردەوام کێشەیان بۆ دەبینرێتەوە.
ھەر چەندە دەستوور دیاری کردووە کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵی و یەکگرتووە، بەڵام زۆر لە ماددەکانی دەستوور پێشێل کراون و دەستەڵادارانی بەغدا بەشێوەیەکی مەرکەزی مامەڵە دەکەن. نیاز فاخر، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تا ئێستا ئەوە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە نەکراون، ڕۆژبەڕۆژیش کێشەکان زیاتر دەبن، ھۆکارەکەش ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغدا پێگری بە دەستوور ناکات، تاکە مەرجی پارتییش بۆ بەشداری کردن لە حکوومەتی داھاتووی عێراق ئەوەیە دەستوور جێبەجێ بکرێت، چونکە پارتی دەزانێت بە جێبەجێکردنی دەستوور تەواوی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە دەبن و عێراقیش سەقامگیری بە خۆیەوە دەبینێت.
ئەو مامۆستایە، گوتیشی: ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کاری کردووە کە فشاری نێودەوڵەتی پەیدا بکات، لە ھەمان کاتدا دەبێت بڕیار بە دەست دەوڵەتەوە بێت، نەک میلیشیا و وڵاتانی دەوروبەر، دەوڵەت وەکو یەکەیەکی سیاسی بڕیار بدات و جێبەجێ بکات، چونکە کێشەی سەرەکی عێراق ئەوەیە بڕیارەکانی بە دەست خۆیەوە نییە و لە ھەمان کاتدا عەقلیەتە، ئەگەر بەغدا ھەر بەو عەقلیەتە کار بکات و ڕێگر بێت بۆ فیدراڵیەت لە کۆتاییدا بە خراپ لەسەری دەشکێتەوە، باشترین چارەسەریش ئەوەیە کە دیبلۆماسیەت کارا بکرێت و ھەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ دەستوور.
نزار مستەفا، شارەزای بواری دەستوور، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: دەستەڵاتدارانی عێراق لە کاتی دانانی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥ تێگەیشتنێکی باشیان بۆ فیدراڵی ھەبوو، بەڵام دواتر ئەم تێگەیشتنە بەرە بەرە کاڵ بووەوە و زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق نایانەوێت لە فیدراڵی تێبگەن، ھەندێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق کار بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا بەھێزی ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دەبێتە پاڵپشت بۆ سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و بەھێزی عێراق لە ناوچەکەدا.
شارەزای بواری دەستوور، زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بەدیاریکراویش پارتی بەردەوام پێداگری دەکات لەسەر پابەندبوونی ھەمووان بە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق بەتایبەتی لە کاتی پێکھێنانی حکوومەت و کابینەکانی عێراق، بەڵام دوای پێکھێنانی حکوومەت، دەستەڵاتدارانی عێراق خۆیان لە پابەندبوون بە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق دەدزنەوە، وەکو ئاگادارین پارتی ئامادە نییە بچێتە نێو حکوومەتێکەوە کە یاساکەی نادەستووری و سەپێنراو و لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە، ئەو ھەڵوێستەی پارتی لە پێناو ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و بۆ ڕێگرتنە لە ھەوڵە بەردەوامەکانی نەھێشتنی فیدراڵی و گێڕانەوەی حوکمی مەرکەزی، ئەم ھەڵوێستە، بۆ پاراستن و مانەوەی ھەرێمی کوردستانە وەک دەستکەوتێکی مێژووی خەڵکی کوردستان و وەک قەوارەیەکی دەستووری لە عێراقدا.
محەممەد موحسین، دەرچووی یاسا، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێلی کردوونە و جێبەجێ ناکات و تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ دەکات کە لە بەرژەوەندی ئەواندانە، ئەو ماددانەی کە پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە ھەیە جێبەجێ ناکەن و دژی دەوەستنەوە، پابەند بوون بە دەستوور بۆ ھەر دوو لا باشە و کێشەکانیش چارەسەر دەبن و عێراق لەو دۆخەی کە تێکەوتووە ڕزگار دەبێت، بەپێچەوانەوە ھیچ کاتێک عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر ماددەی ١٤٠ کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە وەکو خۆی جێبەجێ کرابایە، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە زیانیان بەو ناوچانە نەدەگەیاند، بەڵکو خەڵکی ئاو ناوچانە بەرگری لە شوێنەکانی خۆیان دەکرد، ئەوەش وای دەکرد ئەو خەڵکەی ئاوارە بووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھیچ کێشەیەک نەدەما.
پارتی دەڵێ، مەرجمان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ھەیە، ھەر لایەنێکی عێراقی ڕێزی لە دروشمی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان گرت، ئەو کاتە دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوە دەبێت. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پارتی داوا دەکات ھەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی و بە وەرەقەیەکی ھاوبەش بچنە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان، مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتوو جێبەجێکردنی دەستوور و ماددە دەستوورییەکانە کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە.
پرسی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستاش خاڵێکی ناکۆکی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقە، وەکو ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێ: ئەوانە بەشێکی دیکەن لە مەرجەکانی پارتی و دەبێت حکوومەتی داھاتوو ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بدات.

