رۆژنامەی ھەولێر

رێزلێنانی پێشكەش بەو كەسایەتی و لایەن و ڕێكخراوانە كرا، كە هاوكاری پارێزگا بوونە لە دابینكردنی ئاو بۆ هاوڵاتییان لە هاوینی ئەمساڵ

ئەمرۆ دووشەممە 2025.12.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەكرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار و ڕابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا، لە دیوانی پارێزگا، لەڕێورەسمێكی تایبەتدا رێزلێنانی پێشكەش بە هەموو ئەو كەسایەتی و لایەن و ڕێكخراوانە كرد، كە هاوكاری پارێزگای هەولێر بوونە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێك لە گەڕەكانەی شاری هەولێر لە هاوینی ئەمساڵ.

پارێزگاری هەولێر لەوتەیەكدا، وێڕای پیرۆزبایی، جەختی لەسەر ئەو ئەركە پیرۆزەی كەسایەتی و ڕێكخراو و دەزگاكانی خێرخوازی وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی و گەلیاوە و حاجی ئیدریس سورچی و ڕوانگە و كۆمپانیەكان و زێرەڤانی كردەوە، كە هاوشان لەگەڵ پارێزگای هەولێر گرتویانەتە ئەستۆ، هەروەها ستایشی ئەو نموونە جوانەی كرد كە لە شاری هەولێر نیشانیاندا و بوونە هاریكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتییان.

لە تەوەرێكی تری وتەكانیدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە گرفت و كێشەكانی كەم ئاوی بەشێك لە گەڕەك و شوێنەكانی هەولێر لە هاوین و لافاو لە زستاندا کرد و ڕایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ دەبینین بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی سەرۆكوەزیران ڕیزدار مەسرور بارزانی و بە سەرجەم ئەو ڕێوشوێنە چارەسەریانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو گیرایەبەر و ئەنجامدانی هەموو ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگانەی لە شارەكەدا ئەنجامدران كۆتایی بەو چیرۆكە هات.

لە كۆتایشدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ئامادەبووانەوە ڕیزلێنان پێشكەش بەهەموو ئەو كەسایەتی و لایەن و ڕێكخراوانە كرا، كە هاوكاری پارێزگای هەولێر بوونە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێك لە گەڕەكانەی شاری هەولێر لە هاوینی ئەمساڵ.