رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت لەنێوان کار و ژیانی خێزانی

شێوان ڕۆستەم

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئافرەتان بە شێوەیەکی بەرچاو هاتوونەتە نێو بازاڕی کارەوە، کە بەمەش تەنها ڕۆڵی دایک و ئافرەتی ماڵەوە جێبەجێ ناکەن، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی لە پێشخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. بەڵام زۆر جار تووشی فشاری دەروونی و بارودۆخی نەخوازراو دەبنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان کارەکەی و ژیانی خێزانیدا؟

لەم بارەیەوە، “سارا عوسمان” کە خاوەنی کافێیەکە لە قەزای کەلار، بۆ “هێلین” دەڵێت: “من و هاوسەرەکەم پێکەوە کافێکە بەڕێوە دەبەین، زۆر لە کاتەکانمان لەوێین. کارەکەمم خۆش دەوێت بەڵام قورسیی خۆی هەیە، هەندێک جار ناتوانم بگەڕێمەوە ماڵەوە ئیسراحەتێک بکەم، یان کە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ یەکەم کارم ئەوەیە خواردن دروست بکەم بۆ خێزانەکەم. ڕاستە من زیاتر لە دەرەوەم، بەڵام هیچ کات ماڵەکەم ئیهمال نەکردووە، بۆیە چەند گرنگی بە کافێیەکە بدەم، ئەوەندە گرنگی بە ماڵەوە دەدەم.”
زیاتر دەڵێت: “گەورەترین سەختیی ژیانی من ئەوەیە لەبەر کارەکەم مناڵەکەم جێ دەهێڵم، بەڵام کارەکەشم ناچارییە. خێزانەکەم، بەتایبەتی دایکم و هاوسەرم، زۆر پشتگیر و یارمەتیدەری منن، ئەگەر ئەوان نەبن هیچ کات ناتوانم ئەم کارە بکەم. لە ئێستاشدا ڕوانینی کۆمەڵگە زۆر گۆڕاوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێستا کۆمەڵگە خۆی هانی ئافرەتان دەدات کار بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن.”
ئاشکراشیکرد: “هەموو کارێک ماوە ماوە تووشی فشاری دەروونیت دەکات، ئیتر ئەمە چ لە ڕووی ماندووبوونەوە بێت یان نەگونجاوی شوێنەکە، بەڵام کە ئیسراحەتێک دەکەیت یان ئەنجامێکی باشت دەست دەکەوێت، ئیتر بیرت دەچێتەوە کە ماندووی یان بێزاری. پەیامی من بۆ ئافرەتانی تر ئەوەیە؛ هەر کەسێک خولیا یان ئارەزوویەکی هەیە، بە یەک جار و دوو جار کۆڵ نەدات و بەردەوام بێت و ئاواتەکەی بەدی بێنێت و هەرگیز نائومێد نەبێت.”
ئەمە چیرۆکی ژیانی زۆرێک لەو ئافرەتانەیە کە لە دەرەوە کار دەکەن، کە لە نێوان دوو بەرپرسیارێتیی قورسدا ژیانیان دابەش بووە: کار و ژیانی خێزانی. ئەو فشاری دەروونی و ماندووبوونەی تووشی دەبن تەنها کێشەی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو وێنەی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتییە کە ئافرەتان پێیدا تێدەپەڕن.
هەر سەبارەت بەم پرسە، “بەیان حەمە تاهیر”، پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی گەرمیان بۆ “هێلین” وتی:
“هاوسەنگکردنی کار و ژیانی خێزانی پێویستە و ئەگەر ئەو هاوسەنگییە نەبێت، زۆرجار ڕووبەڕووی پەلەکردن لە بەڕێوەبردنی ژیان دەبیتەوە، کە نە کارەکانت بەباشی ئەنجام دەدەیت و نە ژیانیش بەڕێوە دەبەیت. هەڵبەتە بەهۆی ئەو سەختیی ئابووری و بارە قورسەی کە کەوتۆتە سەر شانی خێزانەکان، ئافرەتان دوو ئەرکیان لەسەر دەبێت: کار و ژیانی خێزانی. بەڵام کە هاوسەنگکردن دەکرێت، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سترێس و ڕەزامەندی لە کار زیاد دەکات، دروستیی دەروونی تاک دەپارێزێت، خۆشگوزەرانی زیاد دەکات و کوالیتیی ژیان بەرز دەکاتەوە، بەرهەمهێنان بەرزتر دەبێتەوە و ڕەزامەندیی ژیان لای تاك بەدەست دەهێنێت. بەڵام کاری زۆر و پێڕانەگەیشتن بە کارەکان و تەرخانکردنی تەواوی کاتەکانی ڕۆژ و ژیان بۆ کارکردن، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی ئافرەتان، چونکە لە لایەك سترێسی کار و لەلایەك دڵەڕاوکێی پێڕانەگەیشتنی کارەکانی ماڵەوە و بەردەوام گلەیی و گازاندەکردن لە ژیانیان، دەبێتە هۆی بێتوانایی خۆگونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخەکانی ژیان.”
زیاتر وتی: “هەمیشە دایکان هەوڵیان داوە دایکێکی باش بن بۆ منداڵەکانیان، هەرکات درکیان بە کەمترین کەم و کورتی کردبێت لە ڕۆڵەکەیاندا، یاخود لەلایەن کەسی بەرامبەرەوە ڕەخنەیان لێ گیرابێت، تووشی زۆرترین نیگەرانی و دڵگرانی بوونەتەوە. منداڵەکانیان ڕووبەڕووی زۆرترین فشار دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر باری دەروونی و پەروەردەیی و ئاستی فێربوون و ئاستی مەعریفەی منداڵ دەبێت، چونکە دایکان لە پێناو باشترین دایکدا چەندین میکانیزمی جیاواز بۆ پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵەکانیان بەکاردەهێنن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی منداڵەکانیان و فشار لەسەر منداڵەکان دروست دەکات.”
هەروەها بوونی کار واتە بوونی ئابووریی سەربەخۆ، ئابووریی سەربەخۆش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هەستی باوەڕبەخۆبوون. هەروەها ئەو ئافرەتانەی لە دەرەوە کار دەکەن و لە هەمان کاتدا تەواوی کارەکانی ماڵەوە لەسەر شانیان دەبێت و خێزان هاوکاریان نابن، تووشی کێشەی خێزانی دەبن و کار دەکاتە سەر باری دەروونیان؛ خراپی و تێکچوونی باری دەروونیش کاریگەری دەبێت لەسەر توانای کارکردن و کەمبوونەوەی بەرهەمی ڕۆژانەی کارمەند و کرێکاران. بەپێچەوانەشەوە، ئەو ئافرەتانەی پشتگیری و هاوکاریی خێزانیان هەیە، باوەڕبەخۆبوونیان زیاد دەکات لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و دەبێتە هۆی سەرکەوتنیان لە کارەکانیاندا. “بەیان” بۆ “هێلین” وای وت.
جەختیشی کردەوە: “داواکارم لە ئافرەتان کە ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و بەڕێوەبردنی کاری ماڵ و ژیانی خێزانی نەکەن بە قوربانی کارەکانیان لە دەرەوە، خێزان لە پێشینەی کارەکانیانەوە بێت و خێزان گرنگترە لە کاری دەرەوە. هەروەها داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان بە گشتی و ئافرەتی کارکەر بە تایبەتی دابین بکەن، هەروەها پارێزگاری لە مافی کرێکاران بکەن بە یاسا و ئامرازەکانی سەلامەتییان بۆ دابین بکەن.”