رۆژنامەی ھەولێر

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان: پێشبینی دەکەین بۆ سەری ساڵ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار بێنە کوردستان

ڕائیب جادر – هەولێر

ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ سەری ساڵ کراوە و پێشبینیش دەکەین زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. دەشڵێ: بە گوژمەی زیاتر لە ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ٨٠ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە بواری گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا جێبەجێ کراون، ئەو پڕۆژانەش بە ھەزاران دەرفەتی کاریان ڕەخساندووە، ساڵ لە دوای ساڵیش پڕۆژە گەشتیارییەکان و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت.

ڕۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٥ یەکەم ڕۆژی پشووەکانی سەری ساڵە و تا ٤-١-٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان بکەن. کۆمەڵەی میوانخانەکانی شاری ھەولێر بە ھەماھەنگی لەگەڵ گەشتوگوزاری ھەولێر و لیژنەکانی بەدواداچوون سەردانی گشت بنکە گەشتیارییەکانی کردووە، بۆ ئەوەی بۆ سەری ساڵ بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا لە شاری ھەولێر نزیکەی ٣٨٠ ھۆتێل و مۆتێل و جێگەی حەوانەوە ھەن، کەشوھەوا، ئەو ئەمن و ئەمان و سەقامگیریەی لە کوردستان ھەیە وای کردووە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ساڵی نوێ کراوە
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: بەمەبەستی پێشوازی کردن لەو گەشتیارانەی بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، دەستمان بە ئامادەکاری کردووە، ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستی جیاوازە، ئاستی یەکەم کەرتی گشتییە، واتە ھەماھەنگی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک وەزارەتی ناوخۆ و بازگەکانی ھەرێم ھەماھەنگی تەواو کراوە، ئەوەی جێی خۆشحاڵیە بازگەکان ئاسانکاری تەواویان کردووە بۆ ھاتنە ناوەوەی گەشتیاران، ھەروەھا بە چەند خولەکێک تەواوی ڕێکارەکان بۆ ڕێگەپێدانی گەشتیاران دەکەن، لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان چەندان لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز پێکھێنراون، گرنگترینیشیان ئەو لیژنانە دەبێت کە لە بازگەکان ئامادەییان دەبێت، ھەروەھا دەمانەوێت ھەر لە بازگەکانیشەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەین و دیوێکی جوانی ھەرێمی کوردستان پیشانی گەشتیاران بدەین، ھەروەھا لەناو شارەکانیش تیمەکانی ئێمە بەردەوام بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر دەکەنەوە بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە ئاھەنگ و چالاکی تایبەتی بۆ شەوی سەری ساڵ تێدا دەکرێت، ھەشت ژمارەی پەیوەندی وەکو ھێڵی گەرم لە شارەکان دانراون و لە خزمەت گەشتیاران دەبن، گەشتیار دەتوانێت لە کاتی پێویستدا پەیوەندی پێوە بکات، ھەروەھا لە ئاستی دووەم لەگەڵ کەرتی تایبەتە، ھەماھەنگی تەواو کراوە لەگەڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانە و بنکە گەشتیارییەکان ھەموو لایەک ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران، ھەر بەو بۆنەیەوە ژمارەیەک چالاکی و فێستیڤاڵ ڕێکخراون لە دوای چەند ڕۆژێکی دیکە دەست بەو چالاکیانە دەکرێن.
زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان
ئیبراھیم مەجید، گوتیشی: ساڵی ڕابردوو ٢٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، ھەر گەشتیارێکیش لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ دۆلاری خەرج کرد بوو، پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان لە توانایدایە لە ھەر شەوێکدا نزیکەی ١٠٠ ھەزار گەشتیار لە خۆ بگرێت، لە ٢٥ی ئەم مانگەوە پشووی سەری ساڵ دەست پێ دەکات، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەی بتوانین کەشێکی لەبار و گونجاو بۆ گەشتیاران بڕەخسێنین بۆ ئەوەی گەشتیاران لەو ماوەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنەوە ھەست بە ئاسوودەی بکەن.
٣١٠٠ شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و خاوەن دیمەنی سەرنج ڕاکێشە، ھەر ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات ساڵ بە ساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر ببێت، ئەوەش وای لە سەرمایەدار و وەبەرھێنەران کردووە ڕۆژبەڕۆژ پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکەن، ئێستا زیاتر لە سەد کۆمپانیای گەشتیاری گرێبەستی ھێنانی گەشتیار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریان ھەیە، ئەو کۆمپانیانە ڕۆژانە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە، ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: لە ھەرێمی کوردستان ٣١٠٠ شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن، لەوانە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، ٧١٤ کافتریا، ٢٨ شاری یاری، ١٠٠٠ ڕێستۆرانت و خواردنی خێرا، ٧٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاریی و ٦٤ کۆمەڵگە و گوندی گەشتیاری ھەن.
ناوچە گەشتیارییەکان لە ھەر چوار وەرز جمەیان دێت لە گەشتیاران
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدات لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان. ئیبراھیم عەبدولمەجید، ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە ھاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران دەھاتنە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستان گەشتیاران بە لێشاو ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەو گەشتیارانە پێکھاتوون لە گەشتیاری ناوخۆیی، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ھەروەھا ئەو گەشتیارانەی پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.
٨٠ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی گوت: ھەماھەنگیەکی زۆر لە نێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت ھەیە، بەردەوام وەکو حکوومەت پاڵپشتی ھەنگاوەکانی کەرتی تایبەت دەکەین، ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت کەرتی گەشتیاری بەجۆرێک ببووژێنینەوە کە لە ئاست چاوەڕوانی ھەموو لایەکدا بێت، لەسەردەمی کابینەی نۆیەم گرنگییەکی یەکجار زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە بە گوژمەی زیاتر لە ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ٨٠ پڕۆژەی گەشتیاری گەورە و ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا ئەنجام دراون، ساڵ لە دوای ساڵیش ژمارەی پڕۆژە گەشتیارییەکان زیاتر دەبێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتیاری دەدات و لە ماوەکانی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لەسەر دەستی بەڕێزیان کراونەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر گرنگی بەو کەرتە دەدات و لە نزیکەوە چاودێری دەکات.