ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و ئەمنییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە جەژنەکانی سەری ساڵدا تەواو کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی لە بازگەکان دابین کراون، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەشتیاران ڕوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن.
شەوی ڕابردوو لە كردنەوەی فیستیڤاڵی سەری ساڵ كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لەسەنتەری شار ڕێكخراوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان دامودەزگاکانی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بۆ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و ئاسایشی بازگەکان دانراوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت تا بتوانن بە بێ گرفت بگەنە ناو شارەکە.
ئومێد خۆشناو بانگەوازێکی ئاراستەی هاووڵاتییانی عێراق لە ناوەڕاست و باشوور کرد، هەولێر وەک شوێنی حەوانەوە و بەسەربردنی پشووەکانیان هەڵبژێرن و دڵنیایی دا کە تەواوی دامەزراوەکان لە خزمەت گەشتیاراندایە بۆ ئەوەی پشوویەکی ئارام بەسەر بەرن.
جێگەی باسە، گەشەی کەرتی گەشتیاری لە هەولێر لە ساڵانی دواییدا بووەتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات بۆ کەرتی تایبەت و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی بۆنە نیشتمانی و جیهانییەکان، هەولێر بەهۆی سەقامگیریی ئەمنی و بوونی ناوەندە گەشتیارییە مۆدێرنەکان، دەبێتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، ئەم ئامادەکارییانەی پارێزگای هەولێریش لە چوارچێوەی ستراتیژیی حکوومەتدایە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ژێرخانی گەشتیاری و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پێشوازیکردن لە میوانان.

