عەبدولقەهار هەولێری – بەلجیکا
پێنجشەممە ١٨/١٢/٢٠٢٣ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، دکتۆر دلاوەر خالید ئاژگەیی لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی لە برۆکسێل پێشوازی کرد لە شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بە سەرۆکایەتی (سام ڤانێابیل) بەرپرسی پەیوەندییەکانی فلاندەرز.
لە میانی دانیشتنەکە پەیوەندییەکانی نێوانی هەرێمی کوردستان و فلاندەرز تاوتۆ کران و بڕیار لە سەر هەنگاوەکانی داهاتوو درا بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و بازرگانی لە ساڵی ٢٠٢٦.
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکە بڕیار درا ئامادەکاری بکرێ بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە و سەردانی شاند لە نێوان هەردوولا و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
جێگەی ئاماژە پێدانە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی فلاندەرز هەیە که مەزنترین بەشی بەلجیکایە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و بە تایبەتی کە بەهێزترین هەرێمی ئەورووپاشە.

