ڕائیب جادر – هەولێر
شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، کوردستان و ھاووڵاتییان زۆر لە بەرژەوەندیی حزبی گرنگترن، بۆیە دەبێت حزب بەرژەوەندیی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی خۆیەوە سەیر بکات، بۆ ئەوەش دەبێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، چونکە بە ڕێککەوتنی ئەوان و پێکھێنانی حکوومەت کێشەکان چارە دەبن و ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردنەوە، بەوەش زیاتر خزمەتی خەڵک دەکرێت. شرۆڤەکاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، نابێت ململانێکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغدا ببەسترێنەوە.
پێکھێنانی کابینەی دەیەم بە گوێرەی ئەنجام و دەستکەوتەکانی ھەڵبژاردن دەبێت
ڕۆژی پێنج شەممە، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگرانی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لە ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، نابێت گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەکانی حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێن، لە ھەمان کاتدا پێویستە پرسی ھەرێم چارەسەر بکەین پاشان ھەنگاوی پێویست و ھاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندێکی پارتی دەستبەکار بوو، ھەروەھا دەرگای گفتوگۆ بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم کراوەیە، بەڵام بە گوێرەی ئەنجامەکان و دەستکەوتەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت. جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاشکرای کرد: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کران، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی ھەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکھێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش ھەڵبژاردن.
پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە
جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت، ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر ھەندێک پۆستی کردبێت بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
لایەنی بەرامبەر نەھاتە پێشەوە
زیاد حامد، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پارتی ھەر لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شاندێکی پێکھێنا و سەردانی لایەنەکانی کرد، ھەموو مەبەستی پارتی ئەوە بوو پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق حکوومەت پێک بێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر نەھاتە پێشەوە و کابینەی دەیەم پێک نەھات، ئێستا پارتی دەڵێ ھەڵومەرجی پێش ھەڵبژاردنی عێراق جیاواز بوو لەگەڵ ئێستا، دەبێت بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن پۆستەکان دابەش بکرێن، نەک ٥٠ بە ٥٠ بێت کە لایەنێک داوا دەکات، ئەگەر پۆستەکان وا دابەشکران با ھەڵبژاردن ھەر نەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر پارتی بە داوای ئەو لایەنە ڕازی بێت، غەدر لە دەنگدەر و کادیری خۆی دەکات.
مەرجی پارتی بۆ بەشداری لە حکوومەتی داھاتووی عێراق
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ھەندێک لایەن بیر لە بەرژەوەندی ھەرێم ناکەنەوە، زۆر گرنگە ھەر لایەنێک کە کورسی ھەیە، یان ھەر لایەنێکی دیکەی کوردستان، کە نوێنەرایەتی کوردستان دەکات، دەبێت بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پێش بەرژەوەندی حزبەکەی خۆی دابنێت، ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەو ماددانەی کە لە دەستووردا ھەن جێبەجێ بکرێن، دادگەی فیدراڵی دابمەزرێت، یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، ئەوە خاڵە سەرەکییەکانی پارتین بۆ ئەوەی بەشداری لە حکوومەتی داھاتووی عێراق بکات، کەچی ھەندێک لایەنی کوردستانی ھەن بە پێدانی ھەندێک پلە و پۆست پشت لە کوردستان دەکەن و دەست لەگەڵ کەسانی دیکە تێکەڵ دەکەن، بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
پارتی دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانەکان بێنێت
نازدار محەممەد، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو و بڕیاری گرنگیش تێدا دران و پارتی دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانەکان بێنێت، لە ھەمان کاتدا لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ململانێکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغدا نەبەسترێنەوە، ھەڵوێستی پارتی نەگۆڕە و دەیەوێت ھەر چی زووە کابینەی دەیەم پێک بێت، لە ھەمان کاتدا لایەنە کوردستانییەکان بە یەک شاند سەردانی بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکڕیزی پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکەن و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست بھێنن و لەسەر پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان یەک دەنگ بن.
ئەوەشی گوت: ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ھەیە، چونکە دۆخی ناوچەکە ڕوون نییە و گۆڕانکارییەکانیش زۆر خێران، بۆ ئەوەی ھیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دروست نەبێت، پێویستە لایەنەکانی پێکھێنەری حکوومەتی نوێ پەلە بکەن و بیر لە بەرژەوەندیی کوردستان و مەترسییەکان بکەنەوە، واز لە بەرژەوەندیی حزبی بێنن، چونکە ناکرێ لە پێناو پۆست و پلە کێشە بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست بکرێت و خزمەتی خەڵک نەکرێت.
ھەندێک لایەن زیاتر لە کورسییەکانیان داوای پلە و پۆست دەکەن
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دەبێت دەنگی خەڵک یەکلاکەرەوەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ھەر حزبە و بە قەدەر ئەو کورسی و متمانەیەی بە دەستی ھێناوە، قورسایی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت، پێویستە هەموو لایەنێک بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان مامەڵە بکات و بەشداری لە حکوومەتدا بکات، لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە کێشە بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست دەبێت، وەکو ئەوەی ئێستا دەبینین کە ھۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی دەیەمە.
ئەو چالاکوانە، زیاتر گوتی: دەبێت لە کوردستان حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێندرێت، کە وەڵامدەرەوەی داواکاریی ھاووڵاتییان بێت، ھەروەھا پێویستە تەواوی ئەو حزبانەی کە بەشداری لە حکوومەتدا دەکەن، پشتیوانیی کارنامەی حکوومەت بن.

