رۆژنامەی ھەولێر

بارەگای بارزانی: سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین یارمەتییان گەیاندووەتە چەمچەماڵ

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێكدا سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكات كە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماوان و زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ.

لە راگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانیدا هاتووە “گەیاندنی هاوكاری بۆ چەمچەماڵ نموونەی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتمانیی نێوان کوردستانییانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە”.

دەقی راگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

دوابەدوای بارینی بارانێکی زۆر و ڕوودانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و دەورووبەری، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتییان و خەڵکی کوردستان بە گشتیی و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتیی لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی ئەو ڕووداوەیان دا، لێرەدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە، ئەوە نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانییانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە.

هیوای ئارامی و سەلامەتی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازین.

بارەگای بارزانی