رۆژنامەی ھەولێر

کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو

وەزارەتی پێشمەرگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند؛ بە ئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەربازی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و راوێژکاری باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، فەرماندەی فیرقەکانی پیادە و ژمارەیەك ئەفسەری باڵای وەزارەت بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، کۆنفڕانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا، لیوا حسن عەسکەری، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و ئامانج و مەبەستەکانی ئەنجام دانی کۆنفڕانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتیی خستەڕوو، دواتر وەزیری پێشمەرگە وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی دەربڕی، کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتیی بە کارێکی گرنگ و پێویست زانی بۆ بەرەوپێش بردنی کاروبارەکانی یەکەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەمان کاتدا داوای کرد لەپاڵ بەرەوپێش چوونی زانستە سەربازییەکاندا هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی لەلایەن هەموو یەکەکانی سەر بە وەزارەت، بایەخی زیاتری پێبدرێت، هەرکەسێك لای خۆیەوە خۆی بەرپرس بزانین لەم بوارەدا.
پاشان سەرۆکی ئەرکان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئامادەیی خۆی پیشان دا بۆ پشتیوانی کردن و دابینکردنی سەرجەم پێداویستیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، بۆئەوەی بە باشترین شێوە کار و چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، هەروەها وتی ئەرکی پشکنینی گشتی لە ساڵی نوێدا زۆر قورستر دەبێت، چونکە لە ساڵی نوێدا لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدا سەرجەم یەکە سەربازییەکان یەك دەخرێنەوە، بەمەش ژمارەی یەکە سەربازییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر دەبێت لە پێشووتر.
لە کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی راپۆرتێکیان لەبارەی کار و چالاکیەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی بەڕێوەبەرایەتیەکە پێشکەش کرد، تیایدا ئاماژەیان دا بەسەرجەم کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە، کە لە تەواوی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەنجامیان داوە، هەر لە کۆنفڕانسەکەدا پشکنینی گشتی رێنمایی و رێکاری نوێ و پلانی پشکنینی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ خستەڕوو، دواتر لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ لەبارەی چۆنیەتی و شێوازەکان و جۆرەکانی پشکنین و راپۆرتی هەڵسەنگاندنی یەکەکان، کە پشکنینیان بۆ دەکرێت ئەنجام درا، لەژێر رۆشنایی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، کە لە یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامی داون، لەمبارەوە ئەفسەرانی پشکنینی گشتی وەڵامی سەرجەم بابەتەکانیان دایەوە و روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی کار و چالاکییەکانی پشکنینی گشتی پێشکەش کرد.
لە بەشی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان بڕوانامە و خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە ژمارەیەك ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، کە بەشداری خولێکی تایبەت بە پشکنینی گشتییان کردبوو لە وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا.
شایانی باسە بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانی ساڵانەدا، بە مەبەستی باشتر کردنی راپەڕاندنی ئەرك و کارەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان، پشکنینی فێرکاری، پشکنینی بەدواداچوون، پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو بۆ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات.