ماكوان عيززهت – هەولێر
لەژێر چاودێری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، رێکخراوێکی نوێ بە ناوی (رێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوکاری) بە فەرمی ناسێنرا.
ئەم رێکخراوە پێشتر بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک گروپێکی چالاکانە کاریانکردووە و خزمەتی هۆشیاری و هاوکاریی بەخشیوە بە منداڵانی ئۆتیزم لە هەولێر و شارەکانی تر.
بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 4هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری تایبەت و پشتیوانیی بەردەوام هەیە. ئێستا ئەم رێکخراوە بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی کار دەکات بۆ باشترکردنی ژیانی ئەم منداڵانە و خێزانەکانیان.
ئۆتیزم چییە؟
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بە هۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمارەوە دەردەکەوێت، فرمانی ئاسایی مێشک تێک دەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەم دەبێتەوە.
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشان دەکرێن و دەست دەکرێ بە چارەسەریان، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر دەبن.
نیشانەکانی ئۆتیزم:
نیشانەکانی ئۆتیزم زۆرجار لە تەمەنی منداڵیدا دەردەکەون، بەتایبەتی لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی ژیاندا. ئۆتیزم نەخۆشییەکی بڵاو و ئاڵۆزە و نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، هەندێکجار دەگوترێت هیچ دوو تووشبوویەکی ئۆتیزم نیشانەکانیان لەیەکدی ناچن، گرنگترین نیشانەکان بریتین لە:
کێشەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی
• سەختی لە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا.
• کەمخولیایی بۆ یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تردا.
• سەختی لە تێگەیشتن لە هەستەکانی کەسانی تر.
• گۆشەگیری و ئارەزووی تەنهایی.
کێشەکانی تر
• دواکەوتن لە فێربوونی قسەکردن
• دووبارەکردنەوەی وشە یان ڕستەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێواتا؛
• سەختی لە دەستپێکردن یان بەردەوامبوون لە گفتوگۆ؛
• دەربڕێنی قسە بە شێوەیەکی جیاواز.
هەڵسوکەوتە دووپاتە:
• دووبارەکردنەوەی جووڵەی جەستە وەک زۆر جووڵاندنی دەست.
• پابەندی بە ڕێوشوێنی دیاریکراو و نیگەرانیی زۆر لە گۆڕانکاریدا.
• سەرنجدانی زۆر بە وردەکاری دیاریکراو لە شتەکان.
• هەستیاریی زۆر یان کەم بەرامبەر دەنگ، ڕووناکی، یان هەستکردن.
چارەسەری تووشبووان:
کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵانەوە، بەڵام وەک دەرمان جگە لە لابردن و کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەک گەشکە، تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە.
هەندێکجار منداڵان راهێنانیانی تایبەتیان پێ دەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاک بکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم.
پێداویستییەکانی منداڵ
• پشتیوانی خێزان: ڕێنمایی و هاوکاری بۆ دایک و باوک لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵاانی نەخۆش.
گرنگیی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی
یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی رێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە دەربارەی ئۆتیزم. کۆمەڵگەیەکی پشتیوانیکار و تێگەیشتوو دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر ژیانی کەسانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان.
گرنگە هەموومان ڕۆڵمان هەبێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی وەرگر و پشتیوانیکار بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا، بێ جیاوازی. منداڵانی ئۆتیزم مافیان هەیە بژین، خوێندن و بەژداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە تەواوی.
تەرزە بۆتانی، سەرۆکی رێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم ڕوونیكردەوە كە ئەوان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە مەراسیمێكی شایستە و بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕێو ڕەسمی ناساندنی (ڕێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوکاری)ـیان ڕاگەیاند.
تەرزە بۆتانی گوتیشی: ئەم ڕێکخراوە پێشتر بۆ ماوەی چوار ساڵ لەشێوەی گروپ، چالاکی هۆشیاری و هاوکاری گەیاندۆتە منداڵانی ئۆتیزم لە هەولێر بەتایبەت و شوێنەکانی تر بە گشتی، هەر بۆیە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی یاسایی بڕیارمان دا بە تۆماركردنی ڕێکخراوەكەمان بە شێوەیەكی فەرمی و كاركردنمان لە چوارچێوەی ڕێكخراوەییدا، بۆ ئەم مەبەستەش چەپکەگوڵی سوپاس و پێزانینمان بەخشی بە خاتوو کوێستان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی؛ هاوكات هەر لە مەراسیمەکە لەڕێگەی داتاشۆوە خەم و ئازارەکانی خێزانە خاوەن ئۆتیزمەکانمان بە ڤیدیۆ نمایش کرد.
دامەزراندنی ئەم رێکخراوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشەوەچوون لە پاراستن و پشتیوانیکردنی مافەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان. بە هاوکاری هەموومان، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە هەموو منداڵێک، بێ جیاوازی، دەرفەتی ژیان و گەشەکردنی هەیە.

