رۆژنامەی ھەولێر

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ.. لێخۆشبوون بۆ سزای دواكەوتنی گرێبەستی ئەلیكترۆنیی ئۆتۆمبێل دەركرا

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەركرد كە سزای دواكەوتنی گرێبەستی ئەلیكترۆنیی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیان لەسەرە، بڕیارەكە سبەی پێنجشەممە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و تا سەری ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایتی هاتوچۆی هەولێر بڵاوی كردەوە “لە هەوڵێکی تری وەزارەتی ناوخۆ و لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەرچوو”.

راشیگەیاند “بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دوای ئەوەی گرێبەستی ئەلیکترۆنیان ئەنجام دابوو، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکە کە 60 ڕۆژە ، مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیەکەیان ئەنجام نەدابوو و ئەمەش ببووە هۆکاری ئەوەی سزای دارایی دواکەوتنەکەیان بکەوێتە ئەستۆ” .

هاتوچۆی هەولێر جەختیشی كردەوە كە بەهۆی ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم ئەو كەسانەی ئەم كێشەیەیان هەیە لە سزاكەی دەبەخشرێن .

ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم بڕیارە سبەی پێنجشەممە رێكەوتی 18/12/2025 دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و لە 31/12/2025 کۆتایی دێت