ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕێک هەشتا ساڵ بەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی پێشمەرگە تێدەپەرێت. هەشتا ساڵە پێشمەرگە بووەتە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستان.
لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ ی زایینی کە هاوکات بوو لەگەڵ ٢٦ی مانگی سەرماوەزی ٢٦٤٥ی کوردی، دواین مانگی وەرزی پایز، ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکرا. ڕووداوەکە سی و شەش ڕۆژ بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو کە لە هەمان شوێن بە پێشەوایەتی قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان ڕاگەیەنرا.
لە ١٧ی کانوونی یەکەم لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد زیاتر لە دە هەزار کەس کۆ ببوونەوە، له ڕێوڕهسمێکی بهشکۆدا و بە بهشداریی نوێنهرانی کوردی ههر چوار پارچهی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا و خەڵک کاتێک بینیان ئاڵای نیشتمانیان بەدەستی پێشمەرگە بەرز کراوەتەوە شاگەشکە بوون و ڕۆژەکەش بوو بە ڕۆژێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کورد.
بۆ ئەو ڕووداوە و بەڕێوەچوونی هەڵکردنی ئاڵا و گێڕانەوە و نووسراوی مێژوویی نووسراوی زۆر بڵاو کراونەتەوە بەڵام ئەوەی وەک بەڵگەنامەیەک زیاتر لە ئەوانی تر جێی بایەخە و ڕووماڵی ڕێوڕەسمەکەی کردووە و وەک هەواڵی ڕۆژنامەوانی باس کراوە بۆ یەکێک لە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمە لە ژێر ناوی گۆڤاری کوردستان دەگەڕێتەوە.
گۆڤارەکە له ژمارهی سێیهمی خۆیدا، کە لە ئاداری ١٩٤٦ لە ژێر سهردێڕی “ههڵکردنی ئاڵای موقهدهسی کوردستان له مهاباد” چاپ کراوە نووسیویەتی “ڕۆژی ٢٦ ی سهرماوهز، ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥، تهواوی نوینهرهکانی ئههالی کوردستان له شاری مەهاباد کۆبوونهوه. له سهعات دەی بهیانی له کانگای حیزب ئاڵای کورد به حوزوری ده ههزار نهفهر ههڵگیرا و له کاتیک دا دهستهی موزیک مارشی میللی لێ دهدا و له سهرتاسهری شهقامی وهفاییدا سهفی نیزام که لوولهی تفهنگ و موسهلسهل وسهرنیزهیان دهدرهوشا، دهستهی لاوان و قوتابیانی مهکتهب، کچ و کوڕ، له لای ڕاستی ئاڵا له حهرهکهت دابوون گهوره و بچوکی مەهاباد، ههیئهت و نوینهرانی حیزبی دیموکرات له پشت سهری ئاڵا سهری تهعزیمیان بو دانهواندبوو، بۆ ئیحتیرام چهپڵهیان لی دهدا و هورایان دهکیشا، پیشهوای موعهزهمی کوردستان جهنابی قازی محەمەد وتاریکی بهتینی له بابهت ئاڵای موقهدهسی کوردستان ئیرادە فهرموو. ئهوجار له پاش نوتق و خیتابه و تیرهاویشتنیکی زور و بهجێهێنانی مهراسیم و نهسبی ئاڵا له سهر عهمارهتی ههیئهتی ڕهئیسهی میللی جێژن دوایی هات….”
پێویستە بگوترێ ئەو ڕووداوە بۆ دواین ساڵی جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە کاتێک لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا و داگیرکرانی بەشێک لە خاکی ئێران لە لایەن ئەو دوو وڵاتە، حکوومەتی ئەوکاتی پاشایەتیی ئێران بە تەواوی لاواز ببوو. دوو ڕۆژ بەر لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خەڵکی کوردستان ئاڵای ڕژێمی پاشایەتی ئێرانیان لە بارەگاکانی حکوومەتی ئەوکات لە مەهاباد هێنابووە خوارەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد و لەو کاتەوە دامەزراوە حکومی و ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و قوتابخانەکان و ناوەندە جیاوازەکان بە پەیام و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەکەنەوە.
لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستان قوتابییان و مامۆستایان بە لەبەرکردنی جلی کوردی و جلی پێشمەرگە دەوام دەکەن و بە سروود و شانۆ و چالاکیی جۆراوجۆر نەوەی نوێ لە گەورەیی و شکۆی ئەو ڕۆژە ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە بیری قوتابییان دەهێنرێتەوە ئەو ئاڵایەی لە سەر قوتابخانەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەشەکێتەوە، هەر وا لە خۆوە هەڵنەدراوە و بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی دەیان ساڵە و شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسە.
پێویستە بگوترێ هێزی پێشمەرگە بە گرنگترین هیز هەژمار دەکرێت کە ئاڵاهەڵگڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بووە و ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتر بوون. ئاڵای کوردستان بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان و بۆیەش ڕێزگرتن لێی و بە شەکاوە هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە بە واتای زیندووهێشتنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لێک دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ لای بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆژی پێشمەرگە ناودێر کراوە و بەیەکەوە ڕێز لە هەر دوو سیمبولی نەتەوەیی کوردستان دەگیرێت.
ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دوو دەستکەوت و میراتی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و تێڕوانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا وەک دووانەی لێکدانەبڕاو و بەشێک لە جەوهەری خەباتی شوناسخوازی و ئازادیخوازی ڕێزیان لێ دەگیرێت.
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت کە ڕۆڵ و پێگەی کورد چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر بەهێزتر بووە و کورد قۆناغێکی گرنگ لە خەباتی بڕیوە و کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورەی بەدی هێناون و بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نەتەوەییەکان تێدەکۆشێت.

