دوێنێ لە پیرمام، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد و باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی سیاسیی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێکهاتبوون لە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕێواز فایەق و ئامانج ڕەحیم، شاندی پێشوازیکاری پارتیش پێکهاتبوون لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق و دڵشاد شەهاب و د.ئومێد سەباح.
دوای کۆبوونەوەکەش پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدرا، بارودۆخی گشتی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و پرۆسەی سیاسی عێراق تەوەری کۆبوونەوەکان بوون.

