دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە (محمد کاظم ال صادق) باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنێکدا کە ئازاد بەرواری و محمود محهمهد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و زاگرۆس فتاح ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، فازڵ میرانی وێڕای زۆر بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی عێراقی فیدراڵ بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و دووپاتی کردهوه کە پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان و گەلی ئێران مێژوویین و لە ئاستی هەرە بەرز لە قەڵەمی دا.
میرانی ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەرکی هەموو لایەکە کە بەهۆشیاری و تێگەیشتن و لوژیک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکات.
هەروەها فازڵ میرانی گوتی؛ کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی گەلی کوردستان بووە هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەوتنخواز و دوای سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩١ حکوومەت و گەلی ئێران پاڵپشتی سەرکردایەتی و گەلی کوردستان بووە و جێگای ڕێز و تەقدیره لای سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و گەلی کوردستان.
لەلای خۆیەوە (محمد کاظم ال صادق) باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقی فیدراڵ بەناوی خۆی و شاندەکەیەوە زۆر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی کە لێیان کرا و ڕەخساندنی ئەم دیدارە.
ههر له كۆبوونهوهكهدا ئاغای محمد کاظم ال صادق گوتی، کە پەیوەندییە بە هێزە لە نێوان گەلی ئێران و گەلی کوردستان و حکوومەتی ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان مێژینەیە و لە بەرژەوەندی هەردوولادایە.
هەروەها ئاغای محمد کاظم ال صادق پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق و سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا و هیوای خواست دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لایەنە عێراقیەکان دەست بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵی عێراق بکرێت..
هەروەها باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر دەربڕی و هیوای خواست هەرێمی کوردستان هەر لە گەشەسەندندا بێت لە هەموو ڕوویەکەوە.

