رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان پێویستی بە سندووقێکی فریاکەوتنی نیشتمانییە بۆ ڕووداوە سروشتییەکان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هیچ وڵاتێکی جیهان نییە لە ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، لافاو، ئاگرکەوتنەوە و چەندین ڕووداوی دیکەی سروشتی پارێزراو بێت. ئەو وڵاتانەی خۆیان بۆی ئامادە کردووە ئەوا توانیویانە لە کاریگەرییەکانی کەم بکەنەوە و زۆر زووتر و خێراتر فریای لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان بکەون و ئیدارەی قەیرانەکە بکەن.

لە زۆربەی وڵاتان سندووقێک یان دامەزراوەیەکی تایبەت بە فریاکەوتن هەیە کە بەردەوام پارەی تێدایە و تەنانەت زۆر جار ئەو پارەیەی لە سندووقەکەدا کۆ کراوەتەوە بەمەبەستی قازانج و بەهێزترکردنی سندووق یان دامەزراوەکە بەکار دەهێنرێت و دەستی سندووقەکە لە فریاکەوتنی خەڵکی لێقەوماو کراوەتر دەبێت. لە کاتی ڕووداوێکی سروشتی کە خەڵک زیانیان بەرکەوتووە ئەو سندووقە دەبێتە فریادڕەس و خێرا کۆمەک بەسەر خەڵکەکەدا دابەش دەکات و قەرەبووی زیانلێکەوتووانیش دەکاتەوە.
لە هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە سندووقێکی لەم شێوەیە نییە لە کاتی ڕووداوە سروشتییەکان بەکاربهێنرێت و پشتی پێ ببەسترێت. هەنگاوەکان زیاتر لە چوارچێوەی فەرمانگە حکومییەکان، چالاکییەکانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و خەڵکی دەستڕۆیشتوو و کۆمەکبەخشدا دەکرێت کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە.
هەفتەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو شەپۆلە لە بارانەی تەواوی پارێزگاکانی کوردستانی گرتەوە بەداخەوە لە هەندێک شوێن لافاوی گەورەی بەدواوە بوو و زیان بە سەر و ماڵی خەڵک گەیشت و لەو زیانانەشدا چەمچەماڵ پشکی شێری بەرکەوت هەر چەندە لە چەندین شوێنی تری وەک تەقتەق و تەکیە و کەرکووک و گەرمیان لافاو زیانی بە خەڵک گەیاندووە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان و دام و دەزگا حکوومی و ناحکومییەکان لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵێکیان بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی فریای لێقەوماوان بکەون، سیمایەکی جوانی هاوسۆزی و هاوخەمی و پاڵپشتی و هاوکارییان پێشان داوە کە دیارترینی ئەو یارمەتییانە بوو کەسانی دەوڵەمەند و خێرخواز و خەڵکی کۆمکبەخش کۆیان کردەوە کە قەبارەکەی دەگاتە ملیاران دینار.
هەبوونی سندووقێکی تایبەتیی متمانەپێکراو لەم دۆخەدا بایەخێیکی یەک جار زۆری هەیە چونکە ئەو یارمەتییانەی کۆ کراونەتەوە ئەگەر پەرتەوازە بن و لە لایەن کەس و حزب و گرووپ و ڕێکخراو و دەزگای جۆربەجۆر دابەش بکرێن ئەوا هەر چەندە هەنگاوەکانیان جێی پێزانینە بەڵام ناتوانن ئامانجە سەرەکییەکە بپێکن و لەوانەیە جۆرێک پاشاگەردانی لە دابەشکردنی یارمەتی بێتە کایەوە و بە قەولی کوردەواری یەکێک قڕ و یەکێک پڕ بکرێت و نەتوانرێت دادپەروەری لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان پێڕەو بکرێت.
سندووقەکە دەکرێت بە شێوەیەکی یاسایی دابمەزرێنرێت، ئەرک و تایبەتمەندییەکانی دیاری بکرێ و کەسانی ناو حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت و سەربەخۆ و سەرمایەدار و خێرخواز و جێی متمانە بەڕێوەی بەرن و سەرپەرشتی بکەن، هەژماری بانکیی خۆی هەبێت و خەڵک بتوانن لە ناوخۆ و دەرەوە پارە بخەنە نێو سندووقەکە و دواجار ببێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ خەڵکی لێقەوماوی کوردستان لە کاتی ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکان.
ئەگەر هەرێمی کوردستان خاوەنی سندووقێکی لەم شێوەیە بوایە ئەوا ئەو ملیۆنان دۆلار و ملیاران دینارەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە کوردستان کۆ کراونەتەوە دەخرانە نێو سندووقەکە و زۆر بە ڕێکوپێکی ئەو ئەنجوومەنە سەربەخۆیەی سەرپەرشتیی سندووقەکەی دەکرد دەیتوانی بخاتە خزمەتی لێقەوماوانی چەمچەماڵ و هەموو ئەو شوێنانەی تری کوردستان کە زیانیان بەرکەوتووە.
جگە لەمە کەم نین ئەو کەسانەی بە دڵ و گیانەوە حەز دەکەن ڕۆڵیان هەبێت لە یارمەتیدانی هاونیشتمانییەکانیان بەڵام هیچ ڕێکارێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە نییە تا خەڵک پارەکانی خۆیانی تێ بکەن یان لەوانەیە متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن یارمەتییەکانی خۆیانی پێ بسپێرن. لە رۆژانی رابردوو کەسانێک شەقامە سەرەکییەکانیان داخست و داوای کۆکردنەوەی یارمەتی لە خەڵکیان کرد بەڵام بوونە هۆی دروستکردنی جەنجاڵی و بێزارکردنی خەڵک کە دواجار پارێزگاری هەولێر قەدەغەی کرد بەم شێوەیە یارمەتی کۆ بکرێتەوە.
رووداو و کارەساتە سروشتییەکان لە هەموو جیهاندا پەرەیان سەندووە و بە هەموو پێوەرێکی زانستی ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕووی دا نە یەکەم ڕووداوی سروشتی کوردستانە و نە دواینیان دەبێت و لە داهاتوودا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆرانکارییانەی بەسەر کەشوهەوادا هاتووە چاوەڕوانی ڕووداوی تر دەکرێ و بۆیە گونجاوە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سندووقەکە بکرێت.
ئەم جۆرە سندووقانە دەکرێ تەنانەت بە ژمارە و جۆر زیاد بکرێن و یەکێک هەبێت تایبەت بە خەڵکی هەژار، یەکێک تایبەت بە چارەسەرکردنی جۆرێک نەخۆشی و یەکێکی دیکە تایبەت بە پرسێکی دیکە و بەیەکەوە پارێزگاری لە کۆمەڵگەی کوردستان بکەن.