ڕائیب جادر – هەولێر
ڕێکارەکانی دابەشکردنی زیاتر لە ٢٠٠٠ پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەر ئەو ژنە ئێزدییانە دەستیپێکرد، کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون.
ئەو ڕێکارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش بەڕێوەدەچێت، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقە.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئاشکرای کرد: قۆناخی دووەمی ڕێکارەکانی دابەشکردنی ئەو زەوییانە لە ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەم دەستیپێکردووە، کە زیاتر لە دوو ھەزار ژنی ڕزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش لێی سوودمەند دەبن.
دابەشکردنی ئەو زەوییانە بەگوێرەی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدییە، کە لە ساڵی ٢٠٢١ پەرلەمان پەسندی کردووە و قەرەبووی ماددیی ئەو ژنانە دەکاتەوە، کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون.
حەسەن خەوام، ڕایگەیاند، قۆناخی یەکەم ٢٦٢ زەوی بەسەر ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش دابەشکراون و ئەوەی لە قۆناخی دووەم دابەش دەکرێت لە سنووری پارێزگای نەینەوایە.
ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش پەلاماری قەزای شنگالیان دا لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ھەزاران ژن و کچی ئێزدییان ڕفاند و وەک کەنیزە مامەڵەی لەگەڵ کردن.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەوەشی گوت: فەرمانگەی تایبەت بە کاروباری ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش لە نەینەوا دەکرێتەوە، کە تایبەت دەبێت بە کاروباری ھاوکاریکردنیان و شیاندنەوە و ڕاھێنان و گەشەپێدانیان.
لە ھێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤، داعش کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژکرد و ٦ ھەزار و ٤١٧ کەسیشی ڕفاند. تاوەکو ئێستا سێ زیاتر لە ھەزار و ٥٨٠ کوردی ئێزدی ڕزگارکراون.

