ڕائیب جادر – هەولێر
تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری ئەو ھاووڵاتییانەی کەرکووک دەکەن کە بەھۆی لافاو زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە. ئەوانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و دەزگا خێرخوازییەکان دەکەن، ھەروەھا دەڵێن، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک ھیچیان بۆ ئێمە نەکردووە، داوا دەکەین قەرەبوو بکرێینەوە، لە ھەمان کاتدا ئاوەڕۆکانمان چاک بکرێنەوە، بۆ ئەوەی کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
سەرەتای باران بارینی بەخوڕی ئەمساڵ جگە لە کاریگەرییە باشەکان، زیانی گەورەشی بەدوای خۆیدا ھێنا، لە سنووری پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک پرد و ڕێگەوبان داڕووخان و سەدان ماڵیش بەھۆی لافاو زیانیان بەرکەوت، منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ و ئافرەتێکی تەمەن ٥٥ ساڵیش بەو ھۆیەوە گیانیان لە دەستدا.
زەرەرمەندانی لافاوەکەی کەرکووک، بۆ رۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم، دەزگا خێرخوازییەکانی وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای ڕوانگە یارمەتی ئێمەیان داوە، زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین کە لە ھەر شوێنێک کوردێک ھەبێت بە دەمیەوە دێت و ھاوکاریان دەکات، زەرەرمەندان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە و بەدەم خەڵکی زەرەرمەند بووەوە نەھاتووە، بۆ ئەوەی لەو ژیانە نەخۆشەی کە تێکەوتووینە ڕزگارمان بکات.
تیمەکانی ناوەندی ھاوبەشی و ھەماھەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکاری زیانلێکەوتووانی لێقەوماوانی گەڕەکەکانی کەرکووک دەکەن. شێرزاد مەجید، بەرپرسی ئۆفیسی جەی سی سی کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو قۆناغی یەکەم پاککردنەوەی ماڵەکانە لەو قوڕ و لیتەیەی کە ھەیە، دواتر خەمڵاندنی زیانەکانە، ھەتا ئێستا بە دەیان ماڵ لە قوڕ و لیتە خاوێن کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ھەموو ئەو ماڵانەی کە زیانیان بەرکەوتووە تۆمار دەکرێن و دواتر زەرەر و زیانەکان بە ڕاپۆتێک بەرز دەکەینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی ھاوکارییەکانیان پێ بگات، ھاوکارییەکانیش بریتین لە خۆراکی و ناخۆراکی، کە خۆی لە خواردن و خواردنەوە و کەلوپەلی ناو ماڵ دەبینێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دەزگای ڕوانگە ھەڵمەتێکی فریاگوزاری بەرفراوان بۆ بەھاناوەچوونی خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەست پێکردووە، بەرپرسانی ئەو دەزگایە دەڵێن، ھەتا ئەو کاتەی ھاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی زەرەرمەند بوو پێویستیان بە ئێمە ھەبێت، لە خزمەتکردن و گەیاندنی ھاوکارییەکان بەردەوام دەبین. شێخ حەسەن عەلائەدین، بەڕێوەبەری دەزگای ڕوانگە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە کە خەڵکی شاری کەرکووک بە ھەمان شێوەی خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری بەھۆی لافاو زیانیان بەرکەوتووە، بە ھەمان پاکێجەوە، واتە ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ ناو ماڵ ھەموومان داونەتە خەڵکی کەرکووک و تا پێویستیان بە ئێمە ھەبێت لە خزمەتیان دەبین.

