گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رەتی دەكاتەوە هیچ عومرەكارێكی هەرێمی كورستان لە دەروازەی سنووری عەرعەر گیری خواردبێت.
كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە هەندێك میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆی گیرخواردنی چەند عومرەكارێكی خەڵكی رانیە لە دەروازەی سنووری عەرعەر بڵاو كراوەتەوە، دوای بەدوادچوونەكانمان رایدەگەیەنین كە ئەم دەنگۆ و هەواڵانە راست نین و دوورن لە راستییەوە.
راشیگەیاند: ئێمە وەك حكوومەت و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی كوردستان بەردەوام لەسەر هێڵین و هەر عومرەكارێكی كورد كێشەی هەبێت بە زوویی گرفتەكانیان بۆ چارەسەر دەكەین و بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی رابردوودا گرفتی خەڵكێكی زۆرمان چارەسەر كردووە.
هەروەها رایگەیاند: هەر كەسێك لە رێگەی فەرمییەوە عومرە بكات، ئێمە ئاگادارین و تا ئێستا هیچ كێشەیەكی رێگریكردن لە دەروازەكان روویان نەداوە.
كاروان ستوونی گوتیشی: قسەمان لەگەڵ نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی راپەڕینیش كردووە و ئەوانیش جەختیان كردۆتەوە كە هیچ عومرەكارێكیان ئەوەی كە بە فەرمی چووتە عومرە، گیریان نەخواردووە و لە دەروازەكان كێشەیان بۆ دروست نەبووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا كە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە كۆمپانیاكانی عومرەیان لە هەرێمی كوردستان ڕێك خستووەتەوە كە ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 400 كۆمپانیایە

