ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی کە ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە تەواوی ڕووبار و کانیاوەکانی ئیدارەی سۆران بووژاونەتەوە، کە پار ساڵ بەھۆی وشکە ساڵییەوە یەکەمینجار بوو وشکبن و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیش پشتاو ببن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەرلەھاتنی وەرزی بەھار کانیاو و ڕووبارەکانی ناوچەکە ژیاونەتەوە.
جوانی و ھاتنە خوارەوەی ئاوێکی زۆر لە کانیاوەکان وای کردووە ھاووڵاتییان کاتێکی خۆش لەو شوێنانە بەسەر ببەن. گوندنشینانیش دەڵێن، مەترسی وشکە ساڵی نەماوە، بە دەیان کانیاو بووژاونەتەوە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سوودی لێ دەبینرێت و سروشتەکەشی جوانتر کردووە.
ساڵی ڕابردوو بەھۆی وشکەساڵی کشتوکاڵ وەکو پێویست نەکرا بوو، زەوییە بەراوەکان ببوونە پشتاو، بەگوتەی کەسانی دانعەمر یەکەمجار بوو کانیا و ڕووبارەکانی ناوچەکە وشک ببن، بەھۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی سۆرانی گرتۆتەوە ھەموو کانیا و ڕووبارەکان ژیاونەتەوە، ھێشتا سەرەتای زستانە و لە مانگەکانی داھاتوودا باران و بەفرێکی زۆر دەبارێت ئەوەش وا دەکات کە ھەموو شوێنەکان پڕ ببن لە ئاو و بەروبوومی جووتیارانیش باش بێت.
بەپێی داتای ھۆبەی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران لەم ساڵدا لە سۆران ١٤٩ ملم باران، مێرگەسۆر ٣٣٦ ملم، چۆمان ١٦٢ ملم، ڕواندز ١٣٨ ملم، خەلیفان ١٥٤ ملم و سیدەکان ١٥٤ ملم باران باریوە، کە پار ساڵ لەم کاتانەدا زۆرترین باران لە مێرگەسۆر بوو، ئەویش تەنیا ١٢٧ ملم بوو.

