ماوه‌یه‌كه له تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ریكلامكردن بۆ بردنی خه‌ڵك بۆ پڕۆسەی حه‌ج به‌شێوه‌ی بازرگانی یاخود تایبەت دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی كوردستان ئاگاداری هاووڵاتییان دەكاتەوە و دەڵێت “ئەمە هیچ بنه‌مایه‌كی نییه و پارەكانتان بە فیڕۆ مەدەن”.
كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی كوردستان رایگەیاند: حه‌ج بەشێوەی فه‌رمی ئه‌وه‌یه كه له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی حه‌جه‌وه بۆ هاووڵاتییان له سیستمی ئه‌لیكترۆنی ده‌رچووه كه به راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌موو هاووڵاتییان به‌شێوه‌ی تیروپشك ئه‌نجامدراوه، به‌ده‌ر له‌مە هیچ حه‌جێكی دیكه به‌ناوی حه‌جی بازرگانی یاخود پشكی تایبه‌ت و ناوه‌كانی دیكه له كوردستان تاوه‌كو ئێستا بوونی نییه.
راشیگەیاند: بەداخەوە له‌لایه‌ن هه‌ندێك لە هاووڵاتییانەوە ئاگادار كراوینەته‌وه كه ماوەیەكە خه‌ڵكانێك له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی كوردستان بانگه‌شه‌ی حەجی بارزگانی و تایبەتی ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌و ریكلامانه‌ش به ژماره‌ی تەلەفۆنی سعوودییه‌وه ده‌كرێت تاوه‌كو قه‌ناعه‌ت بۆ هاووڵاتییان دروست بكرێت.
كاروان ستوونی داوای لە هاووڵاتییانی كوردستان كرد خۆیان له‌م بابه‌ته بپارێزن تاوه‌كو پاره‌كانیان به فیڕۆ نه‌چێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی كوردستان جەختیشی كردەوە: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو ڕوویه‌وه‌كه‌وه باڵپشتی له پڕۆسه‌ی حه‌ج ده‌كات، هه‌ر كه‌سێكیش تیوه‌بگلێت به مه‌به‌ستی فێڵكردن له هاووڵاتییان، له رێگه‌ی داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه هاووڵاتییان له‌م بابه‌ته زۆر هۆشیار و ئاگاداربن.

