رۆژنامەی ھەولێر

کۆنفرانسێكی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.12.14، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و یان برایم، کونسۆڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردە و تەندروستی و ئەوقافی هەولێر و نوێنەرانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی حکومی و چالاکوانی مافی مرۆڤ، رێکخراوی SEED بە پاڵپشتی حکومەتی فەرەنسا و هەماهەنگی نووسینگەی بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی بە ناونیشانی “پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ” لە هەولێر سازكرد.

تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم تاوانە و جەخت لە پشتگیری دابینکردنی پەناگەیەکی سەلامەت بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن و ئەوانەی لە مەترسیدان كرایەوە، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی گشتگیر، بە لەبەرچاوگرتنی برینەکانی دەروونی (تراوما) بۆ بەهێزکردنی پاراستن و باشبوونی گوزەران و هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکاندا بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوو کە مافەکانی قوربانیان بپارێزێت.

پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕای ئیدانەكردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ كە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە، جەختی لەوەكردەوە كە حکومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و شکستپێهێنانی ئەم تاوانە و پاراستنی ئەندامانی کۆمەڵگە.

هەروەها دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێكخەرانی كۆنفرانسەكە كرد و ئومێد خواست دەرەنجامی گفتوگۆ و بابەت و توێژینەوەكانی ئەو كۆنفرانسەش ببێتە هۆكاری هەماهەنگی پتری نێوان دەزگا حکومییەکان و ڕێكخراوەكان و پشتگیری و پاڵپشتی زیاتری پێشگرتن و بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تاوانە ڕێکخراوەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز.