رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمین کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت

لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی یەکەمین کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیای بە سەرکەوتوویی ڕاگەیاند دوای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەت چارەسەری پێویستیان ورگرت.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە؛ دوای ناردنی چوار کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات، یەکەمین کاروانی ئەو نەخۆشانە کە لە سێ تووشبوو پێکهاتبوون، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی 100 ڕۆژ و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان بە سەرکەوتوویی، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.
هەر لەو بارەیەوە، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، کە بە پەرۆشی و پاڵپشتیی بەڕێزیان ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییە دەستی پێ کردووە و هیوای خستووەتە ناو سەدان خێزانەوە.”
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 172 هاووڵاتیی نەخۆش، بەخشەر و هاوەڵەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمان مەبەست. تەواوی ئەو نەخۆشانە دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان لە کوردستان، ڕەوانەی دەرەوە کراون.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.