رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری ناوخۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەرپرسێکی باڵای بەریتانیاوە پێ دەگات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هامش فاڵکنەر پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا پێگەیشت.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بەتایبەت هەڵوەستە لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ کرا.

هەروەها باس لە دوایین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا پەیوەندی دوو قۆڵی و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی بەریتانیا لەپێناوی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانە ڕێکخراوەکان هەڵوەستەی لەسەر کرا.