رۆژنامەی ھەولێر

زانکۆی سەلاحەدین زیاتر لە 500 کتێب پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەکات

لە چوارچێوەی هەڵمەتی هاوکاریکردن و بەدەمەوەچوون بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بڕیاری دا زیاتر لە 500 کتێب و سەرچاوەی جۆراوجۆر ڕەوانەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بکات.

سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی پ.د. کامەران یونس محەممەدئەمین، سەرۆکی زانکۆ، بڕیار دراوە زیاتر لە 500 کتێب بە ناونیشانی جۆراوجۆر لە هەولێرەوە بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بنێردرێت.

زیاتر گوتی: “لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کتێبەکان کۆ دەکەینەوە، لە هەولێرەوە بەرەو چەمچەماڵ دەینێرین و پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی دەکەین”.

زانکۆی سەلاحەدین، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ قوربانییان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنوورەکە، ئاماژەی بەوە داوە کە لافاوەکە زیانی گیانی و ماددیی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە.

ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی سەلاحەدین لەکاتێکدایە، بەهۆی لافاوەکەوە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 10,000 (دە هەزار) کتێب تەڕ بوون و لەناو چوون.