سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ـی 12ـی 2025، کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە ڕەوانەی دادگاکان کراون گەیشتووەتە 267 دۆسیە.
دوێنێ، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ـی 12ـی 2025، کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە ڕەوانەی دادگاکان کراون گەیشتووەتە 267 دۆسیە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 20 بۆ 25 دۆسیە زیادی کردووە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو؛ کۆدی ڕەفتاری پیشەیی بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەرچووە و لە ئێستاشدا کار لەسەر پەیماننامەی ئاکار بۆ دەزگاکانی میدیا دەکەن.
ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی نوێی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لەژێر ناوی “دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی” کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە چاودێری پرۆسەی دادگاییکردنەکانی کردووە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، پرۆسەی دادگاییکردنەکان ئەمساڵ ڕێکخراوتر و باشتر بەڕێوەچوون، دەشڵێت، هێشتا ئاستەنگ هەیە، لەوانە درێژی ماوەی دادگاییکردن و لاوازی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمی سەروەت و سامان لەمساڵدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی، حەوت هەزار و 795 فۆرمی یەکەم (بۆ ئەوانەی تازە پۆست وەردەگرن) پڕکراوەتەوە، هەروەها 728 فۆرمی کۆتایی بۆ ئەوانەی کۆتایی بە ئەرکەکەیان هاتووە پڕکراوەتەوە.

