رۆژنامەی ھەولێر

چاودێرانی سیاسی بە پێویستی دەزانن هاوپەیمانی کوردستانی لە بەغدا زیندوو بکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەگەڵ ھەوڵەکانی دانوستانی نێوان لایەنەکان لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر گرنگیدان بە پرسە کوردستانییەکان و وەلانانی پرسە لاوەکییەکان دەکاتەوە و مەبەست لە جموجۆڵی پارتییش لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ ئەوە بووە شاندێکی ھاوبەشی کوردستانی بە بەرنامەیەکی گشتگیرەوە سەردانی بەغدا بکات، تا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق گفتوگۆ بکەن، لە داھاتووشدا پارتی دووبارە سەردانی لایەنەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەغدا پێکەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەتی ٩ـی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی ١١ـی تشرینی دووەمی ڕاگەیاند، پارتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی ھەموو حزبەکاندایە و لە ھەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان دەنگی زیاترە. بەگوتەی بەرپرسانی پارتی، ھەمیشە یەکڕیزی لای پارتی گرنگە تاکە ڕێگەش لەبەردەم کورد ئەوەیە یەکڕیز بین، لە داھاتوودا پارتی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوەی دەبێت و ھەوڵدەدات بە یەک بەرنامە و تێروانین و بۆچوون بڕواننە دۆخی بەغدا بۆ ئەوەی ھەڵوێستەکانیان یەک بێت. پارتی سەدەیەکە لە پێناو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان خەبات و تێکۆشان دەکات، دەریایەک خوێنی داوە بەس بۆ ئەوەی کوردستانیان بە ئازادانە بژین و بە مافەڕەواکانی خۆیان شاد بن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش حزبی ڕەچەشکێن بووە، بەتایبەتی لە ھێنانی زۆرترین دەنگ و نیشاندانی ھێزی خۆی وەکو خاوەنی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکان، بەڵام ئەمجارەیان بە چاڵنجێک ملیۆنێک و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار دەنگی مسۆگەر کرد، ئەمەش نەک لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکەش وەکو دیاردەیەکی دەگمەن لێکدرایەوە، متمانەی خەڵک بە پارتی گڕوتینێکی جیاواز دەدات بەو حزبە بەوەی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات پێداگری لە جێبەجێکردنی دەستوور بکات، ئەو دەستوورەی لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی لەسەر درا، بەڵام زیاتر لە ٥٥ ماددە کە زۆرینەیان پەیوەستن بە مافی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵییەوە بە پاساوی جیاواز حکوومەتەکانی عێراق ٢٠ ساڵە خۆیان لە جێبەجێکردنیان دزیوەتەوە، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، ھەردەم ئەو پەیامەیان دەدا بە گوێی لایەنە عێراقییەکان بەدەستھێنانی یەک ملیۆن دەنگ ئامانج لێی چنینیەوەی پۆست نییە لە بەغدا، بەڵکو جێبەجێکردنی دەستوورە، ھەروەھا گەڕانەوەیە بۆ سێکۆڵەکەی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان، کە لە مێژ ساڵە ئەو ناھاوسەنگییە بە ھاوکێشەوە دیارە و تاکڕەوی و خۆسەپاندن بە ئاشکرا بە سیاسەتی عێراقەوە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوچە سوننەنشینەکانیشەوە دەبینرێت، ئێستا کاتی ئەوەیە پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و بەو شەرعیەتەی پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان پێیان داوە لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور بکاتەوە کە بێگومان لە کاتی جێبەجێ کردنیان نەک ھەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی ناوچەکانی عێراق سوودمەند دەبن.
د. ئازاد موسا، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: وەکو ئاگادارم گفتوگۆ ھەیە ھەم لەناو کورد، ھەمیش لەناو پێکھاتەکانی دیکە ڕۆژانە لایەنە عێراقییەکان سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، چونکە لە عێراق پێکھاتەکانی شیعە و سوننە سەرۆک بارزانی بە مەرجعیەتی سیاسی دۆزی کورد دەزانن، پێیان باشە کورد بە یەکدەنگ بێتە بەغدا و لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق گفتوگۆ بکرێت، لە ھەمان کاتدا سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کردووە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان نەک تەنیا پارتی و یەکێتی، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش چوارچێوەیەک بۆ ناو ماڵی کورد دابنرێت و وەرەقەیەکی کوردی ھەبێت و ھیچ لایەنێک نەچێت بە تەنیا لەگەڵ لایەنە شیعەکان گفتوگۆ بکەن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ھەر کاتێک نێوماڵی کورد یەک بوو، دەستکەوتی زۆر بۆ کوردستان بەدەستھاتووە، ئەگەر کورد ئەمجارە بە یەکگرتووی ڕوو لە بەغدا بکات دەتوانێت چەندین دەستکەوتی دیکە وەکو جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ھەموو ئەو یاسانەی لە دژی کوردستان ھەن ھەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە پێویستە حزبە کوردستانییەکان لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان یەکھەڵوێست بن.
سەربەست حەمید، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەرژەوەندی نیشتمانی گەلی کوردستان وا دەخوازێت ھاوپەیمانی کوردستانی نوێ بکرێتەوە، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کار لەسەر لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان کراوە، ھەر کاتێک نەیارانی کوردستان ڕووناکییەکیان بینیبێت گورزی خۆیان لە کوردستان وەشاندووە، بۆیە زۆر پێویستە ھاوپەیمانی کوردستان کە لە خولەکانی پێشوو ھەبوو نوێ بکرێتەوە و لەناو پەرلەمان بە یەکدەنگ ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە کە دژی کوردستان دەست بەرز دەکەنەوە.
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا لە داھاتوودا دەستوور جێبەجێ نەکەن عێراق بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەڕوات، بۆیە دەبێت لەسەر ھەر سێ بنەمای تەوازن، تەوافق و شەڕاکەت عێراقی داھاتوو بنیات بنرێت.
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماریش، ڕاگەیاند، سەرۆکایەتی کۆمار بەشی کوردە، ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار دەبێت ئەزموونی ھەبێت و چالاکیش بێت، لە ھەمان کاتدا پابەند بێت بە دەستوورەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کورد لە پرسی سەرۆک کۆمار یەکڕیز بێت، لە ھەمان کاتدا گرنگە جگە لە سەرۆک کۆمار کورد ھەندێک پۆستی دیکەی سیادی وەربگرێت.
سیداد جیھاد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: داواکارییەکانی کورد ڕوونن، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێت لەسەر بنەمای شەڕاکەت، تەوافق و تەوازن بێت، ئەوە دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بوو لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ھەمان کاتدا پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش بەرژەوەندیی حزبی و ھەموو لایەنەکان پێکەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانی ھەندێک دەستکەوتی سیاسی و حزبی، دەبێ لەوە تێبگەن ئەگەر کوردستان ھەموو یەکدەنگ بێت دەتوانرێ دەستکەوت و مافەکان بپارێزرێن و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست بێنن.
ڕوونیشیکردەوە: دەشڵێ: پارتی وەکو حزب توانیویەتی دەنگی زۆرینە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ھەتا لەسەر ئاستی عێراقیش بە دەست بھێنێت، فکر و ئایدلۆجیای پارتی ئەوەیە کە ھەموو حزب و لایەنەکان پێکەوە ڕوو لە بەغدا بکەن، بەو شێوەیە دەتوانن ھاوپەیمانیەتێکی بەھێز دروست بکەن، چونکە ئەگەر یەکڕیزی نەبێت قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر کورد یەکدەنگ نەبێت، ھەندێک لایەن ھەوڵدەدەن دەستووری عێراق بگۆڕن، ماددەی ١١٧ کە باسی تایبەتمەندی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش شتێکی مەترسیدار دەبێت بۆ ھەموو لایەنەکانی کوردستان، پارتی ھەستی بەو مەترسییە کردووە، چارەسەری ئەو مەترسییەش بە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دەکرێت.