دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان دەربڕی.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووە: “بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری باران و درووستبوونی لافاو لە چەمچەماڵ، کە بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددی بەر ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان کەوت، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین.”
دەزگاکە جەختی کردووەتەوە کە تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و لە هەماهەنگیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی تیمی مەیدانی شارەزاوە بە هانای خەڵکەوە بچن و ئازارەکانیان کەم بکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەمچەماڵ کاریگەرییەکەی زیاتر بووە و زیانی لێکەوتووەتەوە.

