رۆژنامەی ھەولێر

كۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجامدرا

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2025.12.9، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی دیكەی لیژنەكە، کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجام درا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ئەوەی گفتوگۆ لە بارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر كرا، هەڵسەنگاندن بۆ كار و ئەركی لیژنەى ناوبرا كرا، لەوبارەیەشوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان تیشكی خستەسەر چارەسەرى کێشە و گرفتەکانى پەیوەست بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پیشەسازیی گەورە و مامناوەندەكان بەپێى رێنمایی و یاسا بەرکارەکان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوە، لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی زیاتری كەرتی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ڕێکخستنەوەی پڕۆژە پیشەسازییەکان، لێژنەیەكی تایبەت بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگار بۆ پێداچوونەوە و چاودێریكردنی پڕۆژەكان پێكهێنا ، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە چەند بڕیارێکى پەیوەستى وەرگرت.

جێگەی باسە، یەکێک لە کارە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، گرنگیدان و پەرەدان بووە بە پرۆژە گرنگەكانی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی، بۆ ئەو مەبەستەش ژینگەیەکی لە بارە بۆ سەرجەم وەبەرهێن و سەرمایەداران رەخسێندراوە بۆ دروستكردنی كارگەی پیشەسازیی و كشتوكاڵی مامناوەند و گەورە، ئەوەش وایكردووە وێڕای بەگەڕخستنی سەرمایەیەكی زۆر، هەلی كاری زۆریش بەهۆیانەوە بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێت.