رۆژنامەی ھەولێر

جێگری پارێزگاری دھۆک: ١٣٥٠ پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٧٠% ئەو پڕۆژانە کارکردن تێدا بە کۆتا هاتووە

کارکردن لە پڕۆژەی چاککردنی شۆستە و شەقامەکانی دھۆک بەردەوامە، بۆ ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە ٣ ملیار دینار دابینکراوە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش، دەڵێ، بە شەو و ڕۆژ کار دەکەین بۆ ئەوەی زووتر لە وادەی خۆی تەواو بکەین. جێگری پارێزگای دھۆکیش، ڕاگەیاند، ١٣٥٠ پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە زیاتر لە ٧٠% ئەو پڕۆژانەی پلانیان بۆ دانرا بوو کارکردن تێدا بە کۆتا ھاتووە.

لەناو سەنتەری شاری دھۆک کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ کراون، کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ دەکرێن، ئەوانەش ڕوویەکی جوانیان بە شارەکە بەخشیوە. کاروان سەلیم، سەرپەرشتیاری چاککردنی شۆستە و شەقامەکانی دھۆک، دەڵێت: پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شۆستە و شەقامەکانی سەنتەری شاری دھۆک، بە ڕێژەی ٥٠% تەواو بووە لە ھەمان کاتدا داری جوانکاری لەسەر شەقامەکان دەچێنرێن، ئەوەش شەقامەکان جوانتر و ڕازاوەتر دەکات.
زیاتر لە ھەزار پڕۆژە کار کردن تێداکراوە، ھەتا ئێستاش ھەندێک پڕۆژە ماون تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، ھەندێک پڕۆژەی دیکەش دراونەتە تەندەر و لە داھاتوودا دەکەونە واری جێبەجێ کردنەوە، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسانی دھۆک دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژانە. سەید ماجد، جێگری پارێزگاری دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ١٣٥٠ پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و زیاتر لە ٧٠% ئەو پڕۆژانەی پلان بۆ دانراوە کارکردن تێدا بە کۆتا ھاتووە، ھەندێکی دیکەش بەردەوام کارکردن تێدا دەکرێت، ھەندێک پڕۆژەی نوێش ھەنە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە کار، گرنگی دانی حکوومەتی ھەرێم بۆ جوانکردن و باشترکردنی سەنتەری شاری دھۆک وا دەکات شارەکە جوانتر ببێت و دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە ببەخشێت.