بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، یەکەمین ڤیستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەبچێت.
ڤیستیڤاڵەکە لە ژێر چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە هاوبەشی لەنێوان زانکۆی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، هەروەها بە پاڵپشتیی کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر ئەنجام دەدرێت.
بڕیارە ڕۆژانی 15-16-17ـی کانوونی یەکەم، لە پارکی تەنیشت “دهۆک مۆڵ” چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵەکە بەڕێوەبچن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڤیستیڤاڵە خستنەڕووی ئەو پێشکەوتنە گەورانەیە کە لە زنجیرەی بەهای پەرەپێدانی بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەدەست هاتوون، لەگەڵ نیشاندانی سەرکەوتنی پڕۆسەکانی دوای دروێنە، بەبازاڕکردن و پیشەسازیی پەتاتە.
هەروەها ئامانجێکی دیکەی ڤیستیڤاڵەکە، پتەوکردنی هەماهەنگییە لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت، جووتیاران، ڕێکخراوەکان، کۆمپانیاکان، ئەندازیاران و وەبەرهێنەرانی کشتوکاڵی.
لە ماوەی ڕۆژانی ڤیستیڤاڵەکەدا ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدرێن:
نیشاندانی جۆرە نوێیەکانی پەتاتەی خۆماڵی.
خستنەڕووی ڕێکار و تەکنەلۆژیای سەردەمیانەی بەرهەمهێنانی پەتاتە.
بەشداریی کۆمپانیا و ڕێکخراوە کاریگەرەکان.
سازدانی دانیشتنی تایبەت بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی.
پێشکەشکردنی زانیاریی نوێ لەسەر کڕین و فرۆشتنی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.
تامکردنی خواردنە فۆلکلۆرییە کوردەواری و بیانییەکان کە لەسەر بنەمای پەتاتە ئامادە دەکرێن.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم ڤیستیڤاڵە بەشێکە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای KH و کۆمپانیای HZPCی هۆڵەندی و ڕێکخراوی CABIی نێودەوڵەتی ڕێکخراوە.

