رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی هێزەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە

لیوا ڕوکن ڕێبوار محێدین فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە, لیوا روکن زاتیار حەسەن فەرماندەی فیرقەی چواری پیادە، پێشوازییان لە کۆڵۆنێڵ تۆماس ڤۆڵکەر ڕاوێژکاری کولتووريی هێزەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دوو دیداری جیادا، کە ئەفسەرانی ستافی فیرقەی دوو و چواری پیادە ئامادەبوون، کۆڵۆنێڵ تۆماس کۆتاییی ئەرکەکەی خۆی ڕاگەیاند و مێجەر لویزای وەك ڕاوێژکاری کلتووری هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە جێگای خۆی ناساند. دواتر گفتوگۆیان لە بارەی بەرەوپێشچوونە ئیداری و مەیدانییەکانی فیرقەکان کرد.
پاشان هەریەك لە لیوا ڕوکن ڕێبوار محێدین فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە و لیوا روکن زاتیار حەسەن فەرماندەی فیرقەی چواری پیادە، سوپاسی ئەرك و ماندووبوونەکانی کوڵۆنێڵ تۆماس یان کرد، لەپای خزمەتکردنی بە هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی کارکردنیدا، بۆ ئەمەش سوپاسنامە و ڕێزلێنانیان بەخشییە کۆڵۆنێڵ تۆماس؛ هەروەها پیرۆزباییان لە مێجەر لویزای کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.