رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک بەشداری کرد لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێی سووریا. ئەم کۆبوونەوەیە کە لە باڵەخانەی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە برۆکسل، لە چوارچێوەی (سەندووقی هاریکاریی مەداد) ئەنجام درا، کە بریتییە لە سەندووقێکی هاریکاریی مرۆیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پێشکەشکردنی هاریکاری مرۆیی بە ئاوارە و لێقەوماوانی سووریا، کە نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی سووریان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک لایەنێکی فەرمی حکوومی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەی یەکێتیی ئەوروپادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. هەر لەو سۆنگەیەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی ئەم پرۆژەیەدا بەشدار بووە و وتاری خۆی هەبووە. لەم کۆبوونەوەیەشدا بەڕێز ئاژگەیی، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی لەمێژینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان لە باوەشکردنەوە بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی قەیرانی سووریا هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە. ئێستایش کە نزیکەی 270هەزار ئاوارەی سووری لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە وڵاتانی ئەوروپا هاریکار بن بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان و هەروەها لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکاندا هاریکاری بکرێن. لە لای خۆیەوە، شاندی کۆمسیۆنی ئەوروپا کە میوانداری کۆبوونەوەکە بوو، ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی هەرێمی کوردستانی کرد و بەڵێن درا داواکاری و پێشنیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێن.
شایانی باسە، سەندووقی مەداد، بریتییە لە سەندووقێکی هاریکاریی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە قەیرانی سووریا کە (21) وڵاتی یەکێتی ئەوروپا بەشدارییان لەم سندوقی هاریکارییەدا کردووە بە کۆی (740) ملیۆن یۆرۆ. لەو ماوەیەشدا مەداد 24 پرۆژەی لە عێراق هەبووە بە کۆی 16١ ملیۆن یۆرۆ.