پاش سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، خەڵکی شنگال و دەوروبەری چاوەڕێنە ڕەوشی ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزاری لەو شارە ئاسایی ببێتەوە و وەکو جاران ژیان بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ئیدارەی ئێستا شنگال بەڕێوەدەبات شەرعی نییە و چەند گرووپێک دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە و ئامادەنین ناوچەکە چۆڵ بکە. چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پارتی لە ھەر لایەنێکی دیکە زیاتر لە خەمی شنگالییەکاندایە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی ٦ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و حەشدی شەعبییش ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی ھێناوەتە شنگال.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت پاش دیاریکردنی قایمقام لەڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە.
لەڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنج سەد کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال لەڕووی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
ژمارەی ئاوارەکانی شنگال لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ سەد و سی ھەزار کەس دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی چل ھەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
شنگال یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە ١١ ساڵە خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەرن، ھاووڵاتییانی ناوچەکە داوا دەکەن چارەیەک بۆ بارودۆخ و گوزەرانی ئەوان بدۆزرێتەوە، کە ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە، دوای پەلاماردانی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەنامان بۆ کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ھێناوە، کاتێک ببینین ئاسایش و سەقامگیری لە شنگال بەرقەرارە، ئەو کات دەگەڕێینەوە، بەڵام بوونی ئەم ھەموو ھێزە جۆراوجۆرە لە شنگال بووەتە گرفت لەبەردەم گەڕانەوەمان، بۆیە داواکارین دۆخی شنگال بگەڕێتەوە پێش ساڵی ٢٠١٤ و ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکە بن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان.
ئازاد شەھاب، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پارتی لە ھەر لایەنێکی دیکەی سیاسی زیاتر خەمخۆری شنگالە، ھەر ئەوەش لە پارتی چاوەڕێ دەکرێت، ڕێککەوتنی شنگال ھەیە، ھەموو ئامانجی پارتیی ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، ھەندێک ھەنگاو نراون بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە، لە ھەمان کاتدا پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەگەر پارتی بگەڕێتەوە شارەکە زۆر شت ھەنە کە بیکات، لەوانە ئەمن و ئەمان، ئاوەدانی و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: خەڵک ئارەزووی گەڕانەوەی ھەیە ئەگەر زەمینە خۆش بکرێت، خەڵک دەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوە ١١ ساڵە شنگال لەو ڕەوشە ناخۆشەدایە، ئێدی چاوی خەڵکی ئێمە لەوەیە بگەڕێنەوە لە ھەمان کاتدا قەرەبوو بکرێنەوە، ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە، پارتی دوای ئەوەی توانی لەسەر ئاستی شنگال و پارێزگای مووسڵ ببێتە یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەندام و لایەنگرانی مافی خۆیانە داوای مافەکانیان بکەن، ئەویش ئەوەیە یەکەمجار بگەڕێنەوە دواتر ئەمن و ئەمان و دەستی ئاوەدانی بگاتە شنگال و دەوروبەری.

