بڕیارە لە سەرەتای مانگی یەکەمی ساڵی نوێدا، دەروازەی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر کە سێ ڕێگەی سەرەکی (هەولێر، کۆیە و گۆمەسپان) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوی تەواو ببێت و بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کارکردن لە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەم سێ ڕێگەیە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامە. پڕۆژەکە پێکهاتووە لە پردێک و ئەندەرپاسێکی سووڕانەوە، کە بەهۆی قەبارەی کارەکەوە کاتی ویستووە، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری پردەکە تەواو بووە.
لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گواستنەوەی سایدی هاتووچۆ بۆ ئەو بەشەی تەواو بووە، تاوەکو کار لە سایدەکەی دیکەدا بکرێت. تەواوبوونی ئەم دەروازەیە سیمایەکی جوان و مۆدێرن بە دەوازەی شاری هەولێر دەبەخشێت.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدکردنی ڕێگای (هەولێر – کۆیە) کە بە شادەماری ڕێگەوبانی کوردستان دادەنرێت و پایتەخت بە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دەبەستێتەوە. پڕۆژە گەورەکە بە گوژمەی (560 ملیار و 446 ملیۆن دینار) لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تا ئێستا 35٪ی کارەکانی تەواو کراوە.

