رۆژنامەی ھەولێر

لە دهۆک کەرتی گەشتیاری بووژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گەشتوگوزار سامانێکی گرنگە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری وڵات و ڕاکێشانی گەشتیار بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، لە دھۆک کەرتی گەشتیاری بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ڕۆژانە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کەرتی تایبەت پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دەکاتەوە، ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کارنامەکەی خۆیدا پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بۆ ڕاکێشانی داھاتی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای دھۆک ئەنجام داون، بۆ زیاتر ڕاکێشانی گەشتیاران داوا دەکرێت پڕۆژەی ستراتیژی زیاتر دروست بکرێن، نرخی ئەو شوێنانەش بەتایبەتی شوێنی مانەوە کەمتر بکرێن.
لەڕووی گەشتیارییەوە، لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ ھەزار شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن، وەک: ھۆتێل، مۆتێل، ڕێستۆڕانت، کافتریای گەشتیاری، کۆمەڵگەی گەشتیاری، شوێنی سروشتیی گەشتیاری.
ئاماری بەشێک لەو شوێنانەی وەک بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون، بەم شێوەیە، ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، ٤٤ کۆمەڵگەی گەشتیاری، ٢٠ گوندی گەشتیاری، نزیکەی ھەزار ڕێستۆڕانت و خواردنی خێرا، نزیکەی ٧٠٠ کافتریا و ٢٨ شاری یاری ھەن. لە ماوەی ڕابردوو ٨٠ پڕۆژەی نوێی گەشتیاری، بە گوژمەی ٧ ملیار و ٥٥٥ ملیۆن و ٣٠٥ ھەزار دۆلار جێبەجێ کراون.
بەنداوی دھۆک، کوڕنیشی زاخۆ، چیای زاوا و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە لەو سنوورە بوونەتە ناوەندێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیاران و شوێنی زۆر خۆش و دڵگیرن، دوای تەواوبوونی کوڕنیشی ڕووباری شین لە شێلادزێ، بڕیار وایە کۆڕنیشێک لەسەر بەنداوی دھۆک دروست بکرێت بە مەبەستی زیاتر بوون بە شوێنی گەشتیاری، ئەوەش وا دەکات گەشتیاری زیاتر ڕوو لەو پارێزگایە بکەن.
٢٥ـی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی پشووەکانی سەری ساڵە و تا ٢ـی ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت، لە ھەرێمی کوردستان ھەر لە ئێستاوە ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، بڕیارە ژمارەیەک ئاھەنگ بە بۆنەی سەری ساڵەوە بەڕێوەبچن، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ کراوە، بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە بۆ شەوانی سەری ساڵ ١٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن، گەشتیاران بۆ شەو مانەوە ھۆتێل و مۆتێل و خانوو لە ناوچە گەشتیارییەکان بەکرێ دەگرن، ھەندێکیشیان ڕۆژانە دێن و دەگەڕێنەوە گەشتیارانی شارەکانی عێراق بەشێوەی گرووپات و لەڕێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن.
ئازاد سەلیم، دەرچووی پەیمانگەی گەشتیاری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کوردستان شوێنی زۆر سەرنج ڕاکێش و خۆشی لێیە، ئەگەر ئەو شوێنانە چاک بکرێن، گەشتیاران ناچنە وڵاتانی دیکە، بەڵکو بە پێچەوانەوە گەشتیارانی ئەو وڵاتانە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەم چەند ساڵەی دوایی حکوومەتی ھەرێم و کەرتی تایبەت گرنگییەکی زۆریان بەو کەرتە داوە ئەوەش وای کردووە گەشتیار لە ھەموو ناوچەکانی عێراق، ھەتا لە وڵاتانی دیکە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.
ئەو دەرچووەی پەیمانگەی گەشتیاری، دەشڵێ: ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان پەیمانگەی گەشتیاری زیاتر بکرێن بەتایبەتی لە قەزاکان، دەبنە ھۆکار بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوەش وا دەکات خەڵک زیاتر زانیاری لەسەر شوێنەگەشتیارییەکان ھەبێت و ئاسانتر بگەنە ئەو شوێنانە، لە ھەمان کاتدا کردنەوەی فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان جا ھەر جۆرە فێستیڤاڵێک بێت کاریگەریان لەسەر ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت، بۆ نموونە فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی و بەرھەمە خۆماڵییەکان کاریگەری زۆر ھەبوو، لە دوو ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٥٠ ھەزار گەشتیار لە ھەموو ناوچەکان ھەتا لە دەرەوە ڕوویان لە ئامێدی کردبوو، جگە لەوەی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشن لە ھەمان کاتدا بەرھەمی خۆماڵی ئەو ناوچانە زیاتر ڕەواجیان دەبێت و دەرفەتی کاریش بۆ کۆمەڵە کەسێک پەیدا دەبێت.
ژوان ناسر، شارەزای بواری گەشتیاری، بۆ ڕۆژنامەی ” ھەولێر” ڕوونیکردەوە: چۆن حکوومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت ھاوکارە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری، لە ھەمان کاتدا دەبێت کەرتی تایبەت و بازرگانانیش ھاوکار بن و نرخەکان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکان بکەن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی تازە دروست کراون و بەڕووی گەشتیاراندا کراونەتەوە.
ژوان، دەشڵێ: گەشتیاران زیاتر خواستیان لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەکانی سنووری دھۆکە، باشترین نموونەش کردنەوەی فێستیڤاڵی بەرھەمە خۆماڵییەکانن جا لە ھەر شار و شارۆچکەیەکی دھۆک بکرێتەوە پڕ دەبێت لە گەشتیاران و بە دەستی پڕ دەگەڕێنەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین تا دەکرێت ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بکەنەوە، لە ھەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ ھاتنی گەشتیاران بکەن، چونکە بەشێکی زۆری بازاڕ پەیوەندی بە گەشتیارانەوە ھەیە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە فێستیڤاڵی تەحین و بەرھەمە خۆماڵییەکان لە ئامێدی، ڕاگەیاند، گومانی تێدانییە باشترین جۆری تەحین لەسەر ئاستی ئەم دەڤەرە و جیھانیش، تەحینی ئامێدیە، پێویستە ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە بکرێن، بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوان و ھاوکاری جووتیارانە، زۆریش دڵخۆشین بەوەی گەنجێکی زۆر بەشدارییان لەو فێستیڤاڵە کرد.
عەلی تەتەر، گوتیشی: دوای ئەو پێشکەوتنەی لە کەرتی کشتوکاڵ ھاتووەتە ئاراوە، دەبینین ساڵ دوای ساڵ گەنجی تازە دێنە ناو ئەم کەرتە، سێ ساڵ لەمەوبەر کە سەرۆک بارزانی ھاتە ئەم دەڤەرە، حکوومەتی ھەرێمی ڕاسپارد کە بایەخی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاریی ئەم دەڤەرە بدات.