رۆژنامەی ھەولێر

دڵبەر دەرگەڵەیی، ژنە دەستڕەنگینی كورد كۆچی دوایی كرد

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

دوای ماوەیەك لە ململانێیەكی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، خاتوو (دڵبەر مەجید دەرگەڵەیی)، ژنە دەستڕەنگینی كورد كۆچی دوایی كرد، كە بەوە ناسرابوو كڵاوە بەناوبانگەكەی شاعیری گەورەی عەرەب (محەمەد مەهدی جەواهیری)ـی بە دەستی خۆی چنیبوو، كە رستەی “كوردستان یان نەمان”ـی لەسەر نووسرابوو.

كرمانج عێزەت بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە مردنی ئەو خانمەی كورد نووسیویەتی: لە مێژوی كورددا بە داخەوە بە هۆی نەبوونی گوڵدانی چیرۆكی هەزاران پێشمەرگەی ون، خەبات و قوربانیبەخشانی ڕێگای ئازادیمان زۆرترینیان گومناون، دەنا ئێستا دڵبەری مەجید بەگی دەرگەڵەیی، ناوی لە ڕیزبەندی شێرەژنان دەدرەوشایەوە.
ئاخر ئەو ئافرەتە ڕۆشەنبیر و قوربانیبەخش و شۆڕشگێرە دەبوایە ئەوڕۆ نەك تەنیا لە ناو شكۆ و شانازی خزمانی ڕاسپاردەی گڵكۆی سەربەرزی كرابا، دەبوایە سۆزی هەموو ئازادیخوازانی كوردستانی تێدا بەشدار بوایە، ئیتر كێ ئەیناسی؟
دڵبەر كچی مەجید بەگی میرحەمەدەمینی دەرگەڵە بوو. مەجید بەگ لە شۆڕشی ئەیلول سەرلق و یەكێك لە قارەمانانی داستانی هەندرێنە. چەند ڕۆژێك دوای سەركەوتنی هەندرێن و ڕۆژێك پێش ڕاوەستانی شەڕ لە گفتوگۆی حوزەیرانی ١٩٦٦، دوای ئەو داستانە فرۆكەكانی ڕژێم لە ئەشكەوتی خوار گوندی دەرگەڵە خێزانی مەجید بەگ بۆردومان دەكەن و حەبیبەخانی خێزانی بە سکی دووگیانەوە و خوشك و برایەكی دڵبەر بە ناوەكانی دلارام و عەبدولسەلام شەهید دەکەون.
دڵبەر وێڕای هزری ڕۆشەنبیری و بەهرەی هەستی شیعری، ئیتر لەو ڕۆژەوە ناچار كۆڵی باوك و برا و حەسرەتی شەهیدەكانی لە كۆڵ نا تا ئەمڕۆ.
ئەو كڵاوەی كە جەواهێری شاعێری عەرەب و دۆستی كورد كە لەسەری نوسراوە كوردستان یان نەمان، بە دەستی دڵبەرخان چنرابوو؛ بنەماڵەی ئێمە لە شانازی ئەو شێرەژنە هەمیشە مێژوی سەربەرزی خۆمان بە ڕێزەوە دەهێڵینەوە. بۆیە هەر ئەوە دەتوانین بڵێن: ڕۆحت شاد دڵبەر خان، دڵنیام خوای گەورە لە سەختیەكانی ژیانتان، باوەشی میهرەبانیتان بۆ دەكاتەوە و فیردەوستان پێ ڕەوا دەبینێ.
هۆنراوەیەكی دڵبەر خانی مەجید بەگ كە كۆچی دوایی كرد
پاش ئەوەی بە فڕۆكەی هەنتەر رژێمە فاشیستە داگیركەرەکەی عێراق لە مایسی 1966 دەرگەڵەی بۆ جاری پتر لە ٥٠ جار بۆمباران كرد و دایكی دووگیان (حەبیبە خان) و برایەك (عەبدولسەلام، ٨ ساڵان) و دلارامی خوشكی تەمەن ١٦ ساڵان شەهید كەوتن، دڵبەر خان ئەو شیعرەی نووسی هەر هەمان مانگ!

دایە بە قوربان ئەمن ڕەشپۆشم
گیانە دلارام بێ ئەقڵ و ھۆشم
دایە بزر بووی لەبەر چاوانم
دڵە بۆ كوێ چووی رۆحی رەوانم
سێ ناسكەگوڵی جوان و رەنگاوڕەنگ
كەوتنە بن باڵی خاك و خۆڵ و سەنگ
فرمێسكی چاوم ھەر خوێنە
لە سێ لا سێ جار جەرگم برینە
باوكم دەگریێ دەڵێ ئەی دڵبەر
سێ زامی گەورەم لە دڵ و جگەر
دوویان سارێژە بە تۆ و بە رەحمان
بەڵام ھی دایكت بە هەقی یەزدان
قەت سارێژ نابێت ھەر خوێنی لێ دێ
ھەتا ژیانم كۆتایی پێ دێ
لەم دنیایەدا ھیچ كەس نابینم
بڵێم حەبیبە و، مەرگی نەبینم
بە قوربانت بم گیانە دلارام
وا جەژن داھات جەژنی رەمەزان
كێ دەستم بگرێ بۆ ماڵە مامان
توخوا پێم بڵێ سەروی خەرامان
بە قوربانت بم كاكی خۆم سەلام
ھیچ نەبێ لە خەو ساتێ وەرە لام
خۆشكی بێبەختت غەرقە لە گریان
بۆ تۆ و بۆ دایكت بۆ ئارامی گیان
قوڕم بە سەری ھەموو خەیاڵە
بەڵام بڵێم چی مێشكم بەتاڵە
ئەی خاكت بەسەر دڵبەری نەفام
تازە لەدەست چوون دایك و دلارام و سەلام
ئەوانیش ھەر وەك ئەسحابەی ئەشكەوت
ھەتاھەتایە خەویان لێ كەوت