رۆژنامەی ھەولێر

وێنەگرتن لە مەدینە و حەرەمی مەککە قەدەغە کرا

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی سعوودیە بڕیاریان داوە سنورێک بۆ دیاردەی وێنەگرتن لە نێو شوێنە پیرۆزەکان دابنێن.

ئەمڕۆ شەممە، کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان، لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە، لە وەرزی حەجی ساڵی 2026 ـەوە، تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پیرۆزی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و حەرەمی مەککە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت.

بە گوتەی کاروان ستونی، ئامانج لەم هەنگاوە:

1. ڕەخساندنی کەشێکی ئیمانی و دوورخستنەوەی حاجیانە لە سەرقاڵبوون بە مۆبایلەوە.

2. خزمەتکردنی زیاتری حاجیان و نەهێشتنی جەنجاڵی.

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژەکەی حەج و عومڕەی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و گوتی: “ئەمە لە بەرژەوەندی حاجیانە، ئێمە وەک هەمیشە هەوڵ دەدەین حاجیانی کورد نموونەیی بن و پابەندی تەواوی ڕێنماییە نوێیەکان بن.”