رۆژنامەی ھەولێر

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و كه‌سه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل به‌ سه‌رخۆشی دوو هاووڵاتیی شێلا و دواتر گیانیان له‌ده‌ستدا، راگیراوه‌ و په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌ی یاسایی بۆ شوفێره‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌یه…‌

سەبارەت بەو ڕووداوەی هاتووچۆ کە لە شەوی 4-12-2025 لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر ڕووی دا و بە هۆیەوە 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین..

دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو لە بوونی رووداوێکی هاتووچۆ لە شەقامی 40مەتری لە بەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا – پیک اب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (5427/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەکەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی کحولی بەکارهێنابوو و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەکەی بە ناوی (ھەژان هیوا عمر) لە بەردەم شوقەکاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو کارمەندی سکیوریتی کردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە، لە ئەنجامدا هەردوو کارمەندی سکیوریتی بە ناوەکانی (محمد سردار محسن) و (احمد محمد شریف) بە هۆی پێکدادانەکەوە گیانلەدەست دەدەن و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەکەوێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌ش هاتووه‌ : بەپێی هێڵکاری کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیک اب) 100٪ کەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیک اب) بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە 24ی هاتوچۆ راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.