پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەی تێکەڵەڕێژکردنی چەند شەقامێکی لە گەڕەکی تیمار دانا، کە بە گوژمەی نزیکەی 200 ملیۆن دینار و لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى ههولێر بە ئامادەبوونی مەسعود کارەش جێگری پارێزگار، کارزان عەبدولھادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامەکانی گەڕەکی تیماری دانا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزباییکردن لە دانیشتووانی گەڕەکەکە و دەستخۆشی لە تیمەکانی شارەوانی، تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە کە خزمەتێکى زۆر بە هاووڵاتییانی گەڕەکی تیمار دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا بریتی دەبێت لە کردنەوە و تێکەڵەڕێژکردنی چوار شەقامی 15 مەتری و شەقامێکی 30 مەتری بە درێژیی 2 کیلۆمەتر و بە ڕووبەری 38,000 مەتر دووجا.
گوژمەی پڕۆژەکە بریتییە لە 198,500,000 (سەد و نەوەت و هەشت ملیۆن و پێنج سەد هەزار) دینار، کە لەسەر ڕێژەی 15%ـی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە شێوەی ڕاستەوخۆ (ئەمانەت) جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە کورتترین ماوەدا تەواو بکرێت.

