سلێمان تاشان – ههولێر
بایەخی کێڵگەی گازیی کۆرمۆر زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێ دەکەینەوە و دەستکەوتی ئەو پڕۆژەیە تەنیا ئەوە نییە بەو بەرهەمەی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابینی دەکات ماڵەکانی کوردستانی پێ ڕووناک بکرێتەوە و چەرخی پیشەسازیی کوردستان پشتی پێ دەبەستێت و تەنانەت چەند پارێزگایەکی عێراقیش لە خێر و بێرەکەی زیادبوونی کارەبای نیشتمانییان سوودیان وەرگرتووە و پڕۆژەکە بایەخی جیوستراتیجی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە.
کێڵگەکە بە سەرەکیترین سەرچاوی دابینکردنی کارەبای کوردستان و بە یەکێک لە کاراکتەرە نوێیەکانی دابینکردنی وزە لە تەواوی عێراق لە داهاتوودا هەژمار دەکرێت، ڕۆڵی کێڵگەکە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش خەریکە دەبڕێت و لە داهاتوودا دەبێتە دابینکەری گازی سروشتی بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەیی و تەنانەت پلان هەیە بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بکرێت و لە نەخشەی وزەی جیهان خۆی بنوێنێت. ڕووبەری کێڵگەکە زۆر بەرفراوانە و دەگاتە سەد و سی و پێنج کیلۆمەتری دووجا و زۆر دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و یەدەگی ئەو گازەی لە دڵی ئەو کێڵگەیە خۆی حەشار داوە بە زیاتر لە حەڤدە تریلیۆن پێ سێجا مەزندە دەکرێت.
پڕۆژەکە تەنیا بریتی نییە لە دەرهێنانی گازی سروشتی لە قووڵایی زەوی بەڵکوو لەگەڵ ئەمەدا ژێرخانێکی بەهێزی گواستنەوەی وزە و سامانی سروشتی دامەزراوە کە وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەیەکتر گرێ دەدات و تۆڕێکی فراوانی گواستنەوەی بەرهەمەکە لە کوردستان دامەزراوە و تۆڕەکە بە هێڵە سەرەکییەکانی عێراقیش گرێ دراوە و لە داهاتوودا بە هێلە جیهانییەکانی گواستنەوەی گازی سروشتی دەبەسترێنەوە.
زیاتر لە دوو لەسەر سێی کارەبای هەرێمی کوردستان پشت بە بەرهەمی گازی کێڵگەکە دەبەستێت و لە هەمان کاتدا سەرووی هەزار و حەوتسەد مێگاوات کارەبای عێراق لە ڕێی ئەو کێڵگەیەوە دابین دەکرێت و جگە لە کۆمپانیا دانەگاز کە کۆمپانیا سەرەکییەکەیەتی و لە ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستان دستی بە وەبەرهێنان کردووە ژمارەیەک کۆمپانیای تری ناوخۆیی و جیهانی و ڕۆژئاوایی لە بەرهەمهێنانەوە بگرە تا دەگاتە دامەزراندنی تۆڕەکانی ڕاکێشانی گاز بەشدارن.
دوای پەرەپێدانی پڕۆژەی KM250 توانای کێڵگەکە لە بەرهەمهێنان زۆر هەڵکشاوە و دەتوانێت ڕۆژانە حەوتسەد و پەنجا ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و چەند پێکهاتەیەکی تری گازی و نەوتی بەرهەم بهێنێت و ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا تواناکانی خۆی بۆ یەک ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
بڵاوکراوەی ناشناڵ کۆنتێکس بڵاوی کردەوە پڕۆژەکە توانیویەتی سەرنجی زلهێزەکان و وڵاتان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە نەخشەی نوێی دابینکردنی وزە ڕۆڵی زۆر کارا بگێڕێت و هێڵی نوێی چەمچەماڵ هەولێر و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هێڵەکە لە باکووری هەرێمی کوردستان تا نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو هەنگاوی زۆر گرنگ دەبڕن.
بە بۆچوونی سەرچاوەکە کۆرمۆر تەنیا یەک کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز نییە بەڵکوو فاکتەرێکی گرنگە لە گۆڕانکاریی پێگەی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هێزی داهاتووی وزە لە ناوچەکە.
جێی باسە لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کێڵگەکە کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری مادی بە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و کارگەکانی پیشەسازیی گەورەی و بچووک لە هەرێمی کوردستان گەیاند. ئەو شوێنەی کرایە ئامانج پێشتر لانی کەم هەشت جار هێرشی کراوەتە سەر کە کارەساتبارترینیان لە نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا کاتێک بەهۆیەوە چوار کرێکاری کێڵگەی کۆرمۆر گیانیان لەدەست دا و بۆ ماوەیەکی زۆر چالاکییەکانی کۆمپانیاکە وەستان.
کێڵگەکە چەند ڕۆژێکە دەستی بە چالاکییەکانی کردووەتەوە و ڕووناکیش بۆ ماڵەکانی کوردستان گەڕاوەتەوە بەڵام بکەران و ئەوانەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ پێگەی کێڵگەکە و هەرێمی کوردستان یەک ناگرێتەوە لە تاریکیدا ماونەتەوە.

