رۆژنامەی ھەولێر

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کرێی وانەبێژی مامۆستایان دوو هێندە کرا

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا کرێی وانەبێژی بۆ ئەو مامۆستایانەی میلاک و گرێبەستن کە لەسەرووی بەشەوانەی خۆیان وانە دەڵێنەوە، بۆ دوو هێندە زیاد بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەپێناو پاڵپشتیکردنی مامۆستایان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە لەسەر زیادکردنی کرێی وانەبێژی لە (2000) دوو هەزار دینارەوە بۆ (4000) چوار هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک.
وەزیری پەروەردە ڕوونیشی کردەوە، ئەم بڕیارە ئەو مامۆستایانەی میلاک و گرێبەست دەگرێتەوە کە لەسەرووی بەشەوانەی یاسایی خۆیانەوە (واتا سەرووی 24 بەشەوانە بۆ قۆناغی بنەڕەتی و 22 بەشەوانە بۆ قۆناغی ئامادەیی) بەردەوامن لە وانەگوتنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم زیادکردنە لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە بۆ مامۆستایان هەژمار دەکرێت و بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ڕێنمایی تایبەت بەو بابەتە دەربکات.