رۆژنامەی ھەولێر

لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازیی لە ڕاگەیاندنکار (کاروان کەلاری) کرا

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، (فازڵ میرانی) بەرپرسی دەستەی کارگێڕ و (محمود محمد) ئەندامی دەستەی کاگێڕی مەکتەبی سیاسيی پارتی پێشوازییان لە کادیر و ڕاگەیاندنکاری بوێر و دڵسۆز (کاروان کەلاری) کرد و، لە نزیکەوە لە هەواڵی تەندروستییان پرسی و هیوای سەلامەتی و بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ خواست لە ئەرکی پیرۆزی کاری ڕۆژنامەوانی.

لە کۆبوونەوەیەکدا کاروان کەلاری کە ماوەکانی پێشتر لەلایەن چەکدارانی یەکێتییەوە ڕفێندرابوو لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی، و بە وردی باسی ڕوداوی ڕفاندنەکەی کرد.
کاروان کەلاری، بەڕێوەبەری (دەزگای میدیایی کازیوە)یە لە سنووری گەرمیان، هەفتەی ڕابردوو لە کەلار، بەشێوازێکی زۆر ناشیرین و نامرۆڤانە لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە ڕفێندرا.
کاروان و هاوکارەکانی لە دەزگای میدیایی کازیوە، دەنگێکی زوڵاڵ و بوێرن لە دەرخستنی ڕاستییەکانی سنووری گەرمیان و داکۆکیکاری خەڵک و سنوورەکەیانن و، بوونەتە کۆسپێکی گەورەی بەردەم یەکێتی و هەر کەس و لایەنێک کە ئامانجیان خاکفرۆشی و ئازاردان و چەواشەکردنی خەڵک بێت، بۆیە بەردەوام بەرێگای جۆراوجۆر هەوڵی ڕێگریکردنیان دەدرێت تا گەیشتە ئەوەی ئاسایشی یەکێتی دەستگیری بکەن بە ئامانجی بێدەنگکردنی بۆ هەتا هەتایە، بێ ئاگا لەوەی کە کادیرانی پارتی بێ خاوەن و ئەو پارووە نین، کە بە گەرووی پۆخڵی هیچ هێز و ستەمکارێک قوت بدرێن.
هەرچەندە لەڕووی دەرونییەوە زۆر ئازاری کاروان کەلاری دراوە، بەڵام زۆر بە ورەی بەرزەوە پێداگرتر لە جاران بەردەام دەبێت لە کاری میدیایی.