محمد لادێ – ههولێر
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، گەورەترین پرۆژەی ستراتیژی کێشەی بێئاوی بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.
شاری هەولێری پایتەخت، کە لە چەند دەهەی ڕابردوودا گەشەیەکی خێرا و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەمیشە یەکێک لە گەورەترین ئالەنگارییەکانی کەمیی ئاو و نەگەیشتنی ئاوی پێویست بووە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە. بەڵام، لەم دواییەدا بەهۆی پڕۆژەی “فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر” کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە زەبەلاحەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی کەمئاوی لە هەولێری پایتەخت کۆتاییهات. لەگەڵ کەوتنە کاری تەواوی بۆڕییە فراگوزارییەکانی پڕۆژەکە، کێشەی کەمئاوی بۆ ماوەی لانی کەم ٣٠ ساڵی داهاتوو لە شاری هەولێر چارەسەر دەکرێت.
پڕۆژەکە بە ڕاسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی پێکرد و بووە گەواهیدەری ئەو گرنگیپێدانە گەورەیەی کە حکومەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتیان هەیەتی. پڕۆژەکە بە دوو قۆناغی سەرەکی و بە گوژمەیەکی گەورە جێبەجێ کرا.
• قۆناغی یەکەم (هێڵی سەرەکی): بە گوژمەی (٤٨٠ملیۆن دۆلار)، لەلایەن کۆمپانیای (هێمن گرووپ)ەوە جێبەجێ کرا. ئەم قۆناغە بریتی بوو لە دانان و ڕاکێشانی هێڵە سەرەکییە گەورەکان و وێستگەکانی فلتەرکردنی ئاو.
• قۆناغی دووەم (تۆڕی ناوخۆیی): بە گوژمەی (٢٥ملیار دینار)، کە درا بە کۆمپانیای (کەیوەن) و دەستی بە دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆیی و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەوە کرد.
بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە، رێکەوتی ٨/٩/٢٠٢٤ دانرا و لە ماوەیەکی کەمدا، پڕۆژەکە جێبەجێ کرا و لە رێکەوتی ٦/١١/٢٠٢٥دا، بە تەواوبوونی هەردوو هێڵی سەرەکی، پڕۆژەکە بە تەواوی کەوتە کار، کە ئەوەش خێرایی و جدیەتی کابینەی نۆیەمی نیشان دا لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا.
توانای فلتەرکردنی ئاو لە پڕۆژەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزە بە جۆرێک وێستگە نوێیەکەی فلتەرکردنی ئاو توانای پاککردنەوەی نزیکەی (٢٠هەزار مەتر سێجا) ئاوی هەیە لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێردا، کە ئەم ئاوە بە تەواوی گونجاوە بۆ خواردنەوە.
ئەم ڕێژە گەورەیە دەکاتە کۆی گشتی ئەو ئاوەی کە لە هەرسێ پرۆژەکەی پێشووی (ئیفراز) و سەرجەم ئەو بیرانەی ئاو بۆ هەولێر دابین دەکەن. بەمەش پڕۆژەکە بە تەنها توانیویەتی دابینکردنی ئاوی هەولێر دوو هێندە بکات، واتە لە داهاتوودا هەولێر بە دوو هێندەی پێویستییەکانی ئاوی پاکی دەست دەکەوێت.
ژمارەی گەڕەکە سوودمەندەکانی پڕۆژەکە
لە قۆناغی یەکەمدا، ئاو گەیشتە ٣٢ گەڕەک و لە قۆناغی دووەمیشدا نزیکەی ٥٠ گەڕەکی تر سوودمەند بوون. بەمەش، ژمارەی گەڕەکە سوودمەندەکان گەیشتە زیاتر لە ٨٠ گەڕەک. ئەو گەڕەک و ناوچانەی لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوونە، لە سنووری گەڕەکی توڕەقەوە تا حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، ژیان و قەتەوی، مامزاوە و گەڕەکەکانی تری سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر دەگرێتەوە. هەموو ئەمانە کێشە و گرفتی کەمئاوییان نامێنێت.
ئاوەکە لە ڕێگەی چوار لوولەی گەورەوە لە کۆگاکانی پڕۆژەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرجەم بەشەکانی شار:-
١. لوولەی یەکەم (١٢٠٠ ملیمەتر): لە سێبیرانەوە دەست پێدەکات و بە شەقامی ١٥٠ مەتریدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ڕێگای کۆیە. ئەمە ئاو دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ‘شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس، سێبەردان و ناوچەی پەرەپێدانی پیڕەش و سەرجەم شارەکانی نیشتەجێبووی وەبەرهێنان لە سنورەکە’.
٢. بۆریی دووەم: لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە ناو شار، تا شەقامی بەحرکە دەڕوات و ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەم سنورە دابین دەکات.
٣. لوولەی سێیەم (١٢٠٠ ملیمەتر): لە دەرەوەی شەقامی ١٢٠ مەتریەوە ئاو دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ‘مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە ئەحمەد، دارەتوو، بنەسلاوە، هەشتی حەسارۆک و کەسنەزان’.
٤. بۆری چوارەم: لە ناوەوەی شەقامی ١٢٠ مەتریەوە ئاو دەگوازێتەوە بۆ گەڕەکەکانی ‘٣٢ی پارک، شادی، بەهاری نوێ، بەهاری کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و٩٤ی باداوە’.
ئاسایشی ئاو و داهاتووی هەولێر
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەنها پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاوە بۆ شاری هەولێر. ئەم پڕۆژەیە،پڕۆژەیەکی کاتی نییە کە تەنیا تایبەت بێت بە ئێستا، بەڵکو بەشێوەیەکی ستراتیژی داڕێژراوە کە لەگەڵ گەشەی شاردا خۆی دەگونجێنێت و، بەپێی پێوستی گەڕەکەکان ئاو دابین دەکات. بەم سەرکەوتنە گەورەیە، کابینەی نۆیەم بەڵێنێکی سەرەکی خۆی بەجێ گەیاند و متمانەی هاووڵاتیانی بە حکومەت بەهێزتر کرد. ئێستا، هەولێر بە ئارامییەوە سەیری داهاتوو دەکات، داهاتوویەکی وا کە چیتر وشکی و کەمئاویی تێدا نییە.

